عەلوەی هاوچەرخی هەولێر كرایەوە
یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكان بۆ ساغكردنەوەی بەرھەمی جووتیاران
K24 – ھەولێر
ئەمڕۆ شەممە 5/12/2020 لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ئیداری و بازرگان و كاسبكاران، عەلوەی هاوچەرخی هەولێر كرایەوە.
نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند، لە دوێنێوە بازرگان و جووتیاران بەرھەمەكانیان هێناوەتە عەلوە نوێیەکە، بۆ ئەوەی بە بازاڕی بکەن و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی وەك ئاو و کارەبا لەو عەلوە هاوچەرخە دابینکراوە.
د. محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی كوردستان لە میانی كردنەوەی عەلوەی هاوچەرخی هەولێر لە وتارێكدا رایگەیاند: "لە دەستەی وەبەرھێنان بەردەوام جەختمان لەوە كردووەتەوە ھەرێمی كوردستان پێویستی بە پڕۆژەكانی وەك عەلوەی هاوچەرخی هەولێر ھەیە، كە لە داھاتوودا دەبێتە پڕۆژەیەكی گرنگ، لە كاتێكدا كە حكومەتی ھەرێمی كوردستان پاڵپشتی كەرتی كشتوكاڵ دەكات، ئەم پڕۆژەیەش یارمەتیدەر دەبێت، دەكرێت ببێتە ھاندەرێكی باش بۆ كەرتی كشتوكاڵ، ھەم بۆ ساغكردنەوەی بەرھەم، ھەمیش بۆ ھەناردەكردنی بەرھەمەكان".
گوتیشی: "بابەتی بە خۆماڵیكردن لە ھەموو شوێنێك قورسە كە ئەوەی لە بازاڕ ھەیە ھەمووی ھی خۆمان بێت، بەڵام دەكرێت زۆربەی ئەو بەرھەمەكان ھی خۆمان بێت".
سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد: "كەشوھەوای ھەرێمی كوردستان گونجاوە بۆ پەرەپێدان بە كەرتی كشتوكاڵ، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوام جەختی لەوەكردووەتەوە كە گرنگیدان بە كەرتی كشتوكاڵ خاڵێكی گرنگی ئەم كابینەیە".
عەلوەكە بە سیستەمێكی مۆدرێن و بە ستانداردی جیھان و چەندین بەشی بە بازاڕكردن و بۆ خستنهڕووی بەرھەمی جووتیارانی دروستكراوە، شەقام و رارەوەکانی بەجۆرێكە بارهەڵگرهكان بە ئاسانی دەتوانن تێپهڕن و بارهكانیان دابگرن.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی ھەولێر، بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەم عەلوەیە یەكێكە لە پڕۆژە ناوازەكان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە، پێشتر كێشە ھەبووە لە كەمی كۆگا بۆ ھەڵگرتنی بەرھەمەكان، ئەوەی ھەش بووە ساردكەرەوەی نەبووە، لەم پڕۆژەیە ساردكەرەوە ھەیە".
ئاماژەی بەوەشكرد: "عەلوەی كۆن ھەردەمێنێتەوە و پەیوەندی بە عەلوە نوێیەكەوە نابێت، بازرگان و جووتیاران لە ھەردوو عەلوە كاری خۆیان دەكەن".
بازرگانێکی عەلوەكە بە كوردستان24ی گوت: "عەلوەی نوێ شوێنێكی گونجاوە بۆ ساغكردنەوەی بەرھەمەكان، چونكە شوێنێكی بەرفراوانە و ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر بە ئاسانی دەتوانن ھاتووچۆی پێادا بكەن و بارەكانیان دابەزێنن، لە عەلوەی پێشوو لە وەرزی زستان و لەكاتی بارانبارین كێشەی ھاتووچۆ دروست دەبوو".
رووبەری عەلوەی هاوچەرخی هەولێر 7 ھەزار مەتر دووجایە، 9 كیلۆمەتر لە ناوەندی ھەولێر دوورە. 400 شوێنی بازرگانی لەخۆ دەگرێت، دەتوانرێت 22 ھەزار تۆن بەرھەمی تێدا دابنرێت، 130 ساردخانەی تێدایە. بەشێكی عەلوەكە بە پلاستیك داپۆشراوە و 10 ھەزار خانووی شوشەیی تێدایە.