ئینزۆ مارێسکا لە راهێنەرایەتی چێڵسی دوورخرایەوە
یانەی چێڵسی ئینگلیزی لە بەیاننامەیەکیدا بەفەرمی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئینزۆ مارێسکا راهێنەری یانەکەی راگەیاندووە و چیدیکە مارێسکا راهێنەرایەتی یانەکەی لەندەن ناکات، لەکاتێکدا رۆژی یەکشەممە چێڵسی لە یارییەکی لوتکەی پرێمەرلیگ رووبەڕووی مانچێستەر سیتی دەبێتەوە.
لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێدا بلووز بڕیاری دوورخستنەوەی راهێنەرەکەی راگەیاند کە ئەو راهێنەرە ئیتاڵییە لەوەتەی ناوەڕاستی ساڵی 2024ـەوە راهێنەرایەتی بلووز دەکات، ئەو راهێنەرە ئیتاڵییە لە ماوەی 549 رۆژدا لە 92 یاری راهێنەرایەتی چێڵسی کرد، 55 بردنەوە و 21 دۆڕان و 16 یەکسانبوونی بەدەستهێنا و دوو نازناوی بۆ یانە شینپۆشەکە بەدەستهێنا، لەگەڵ چێڵسی بووە پاڵەوانی مۆندیالی یانەکان و کۆنفرانس لیگ.
مارێسکا و چێڵسی بە رێککەوتنی هەردوولایان گرێبەستەکەیان هەڵوەشاندەوە، لەکاتێکدا ئەو راهێنەرە تاوەکو هاوینی 2029 گرێبەستی لەگەڵ یانەکەی لەندەن مابوو، لە ئێستاوە بلووز بەدوای راهێنەرێکی نوێ دەگەڕێت بۆ ئەوەی شوێنی راهێنەرە 45 ساڵانەکە بگرێتەوە.
چێڵسی لەم وەرزەی پرێمەرلیگ لەکۆی 19 یاری 8 بردنەوە و 6 یەکسانبوون و 5 دۆڕانی بەدەستهێناوە و بە کۆکردنەوەی 30 خاڵ لە پلەی پێنجەم دێت.
