دەوامی قوتابخانەکانی شارەزوور یەک کاتژمێر دواخرا

لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی قوتابییان و بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیزی، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شارەزوور بڕیاری دا کاتی دەستپێکردنی دەوامی بەیانیان بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنوورەکە دوا بخات.

نەبیل حەمەساڵح عەزیز، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارەزوور ڕایگەیاند: دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و قایمقامی قەزای شارەزوور، بڕیاردرا ڕۆژانی یەکشەممە 4-1-2026 و دووشەممە 5-1-2026، دەوامی بەیانیان لە بری کاتژمێر 8:00 لە کاتژمێر 9:00ی بەیانی دەست پێ بکات.

 ئەم بڕیارە تەنیا دەوامی بەیانیان دەگرێتەوە و دەوامی پاشنیوەڕۆیان وەک خۆی بەردەوام دەبێت و هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا ناکرێت.

ئەم ڕێکارە وەک هەنگاوێکی خۆپارێزی گیراوەتە بەر بۆ ئەوەی قوتابییان و مامۆستایان لە سەرمای توندی بەیانیانی زوو و مەترسییەکانی بەستەڵەک پارێزراو بن. 

بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە هیوای خواستووە ئەم بڕیارە ببێتە مایەی پاراستنی تەندروستی گشتی و ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی ناوەندەکانی خوێندن.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، هەرێمی کوردستان لە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی سەرمای تونددایە و لە ناوچە شاخاوییەکان و دەشتاییەکاندا پلەکانی گەرما لە بەیانیاندا بۆ چەند پلەیەک لە ژێر سفر دادەبەزن، شارەزوور بەهۆی سروشتی جوگرافییەکەیەوە یەکێکە لەو ناوچانەی کە لە وەرزی زستاندا تەم و بەستەڵەکێکی زۆری تێدا دروست دەبێت، ئەمەش ساڵانە وا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بۆ پاراستنی گیانی قوتابییان و کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، گۆڕانکاری لە کاتی دەوامدا بکەن.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل