سبەی لە ناوەندەکانی خوێندنی پێنجوێن پشووە
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پێنجوێن ڕایگەیان: بەهۆی ناجێگیریی دۆخی کەشوهەوا و دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سەدی، بڕیاردرا ڕۆژی یەکشەممە، 4ی کانوونی دووەمی 2026، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنووری قەزاکە بکرێتە پشووی فەرمی. ئ
ئەم بڕیارە دوای ڕاوێژ و هەماهەنگی لەگەڵ قایمقامی پێنجوێن و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دراوە، مەبەست لێی پاراستنی سەلامەتیی قوتابییان و مامۆستایانە لەو شەپۆلە سەرمایە توندەی ناوچەکەی گرتووەتەوە.
قەزای پێنجوێن کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێران، یەکێکە لە ساردترین و بەفراوترین ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، ساڵانە لە وەرزی زستاندا پلەکانی گەرما لەم قەزایەدا بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن و زۆرجار دەگەنە خوار 15 پلەی ژێر سفر، ئەمەش دەبێتە هۆی بەستنی ڕێگەوبانەکان و دروستبوونی ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و قوتابییان، هەر بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو، پەنا بۆ ڕاگەیاندنی پشوو دەبەن
