ئەمەریکا.. 2025 زیاتر لە 40 هەزار حاڵەتی کوشتن و برینداربوون بە چەک تۆمارکراوە
ڕێکخراوی تۆمارکردنی توندوتیژییەکان بە بەکارهێنانی چەک، ئاشکرایکردووە، لە ساڵی 2025، زیاتر لە 40 هەزار کەس لە ئەمەریکا تەقەیان لێکراوە، 14 هەزار و 600 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 26 هەزار و 100 کەسی دیکەش بریندار بوون.
شەممە 3ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕێکخراوی تۆمارکردنی توندوتیژییەکان بە بەکارهێنانی چەک لە ئەمەریکا، ئامارێکی لە بارەی ڕووداوەکانی تەقەکردن لە ئەمەریکا بڵاوکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە 407 حاڵەتی تەقەکردنی بە کۆمەڵ هەبووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، تەقەکردنی بە کۆمەڵ بە گوێرەی تۆماری ڕێکخراوەکە بریتییە لەو حاڵەتانەی کە تیایدا زیاتر لە چوار دەکوژرێن بەدەر کە کەسی تەقەکار.
بە گوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوەکە، بە هۆی ئەو ڕووداوانەوە 224 منداڵی خوار تەمەنی 11 ساڵ گیانیان لەدەستداوە، هاوکات 461 منداڵی دیکە لە هەمان تەمەنی ئەواندا برینداربوون، جگە لەوەش 1030 هەرزەکار لە نێوان تەمەنی 12 بۆ 17 ساڵدا گیانیان لەدەستداوە و 2733 کەسی دیکەش برینداربوون.
ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئاماری مردنەکانی پەیوەست بە تەقەکردن، بریتین لە کوشتن، کوشتنی بە ئەنقەست، بەرگریکردن لە خۆ و تەقەکردنی بەڕێکەوت، بەڵام خۆکوشتن ناگرێتەوە.
بەگوێرەی خەمڵاندنە سەرەتاییەکانی سەنتەری کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن، لە ساڵی 2025، زیاتر لە 24 هەزار کەس بە بەکارهێنانی چەک خۆیان کوشتووە.
ئەمە لە کاتێکدایە میدیا ناوخۆییەکانی ئەمەریکا، ئاماژەیان بەوەکردووە، ڕووداوەکانی کوشتن و برینداربوون بە هۆی بەکارهێنانی چەک، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کەمی کردووە، چونکە لە ساڵی 2021ەوە تاوەکو ئێستا ئەو ڕێژە زۆرە تۆمار نەکراوە، هاوکات بە گوێرەی ئەو ئامارە بێت لە هەر ڕۆژێکدا زیاتر لە 110 کەس لە ئەمەریکا بەهۆکاری بەکارهێنانی چەک بوونەتە قوربانی.
