دوای ڤەنزوێلا، ترەمپ هەڕەشە لە مەکسیک و کوبا و کۆڵۆمبیا دەکات

دۆناڵد ترەمپ:"سەرۆکی مەکسیک بێ دەسەڵاتە، بەرانبەر کارتێلەکانی ماددە هۆشبەرەکان کۆنتڕۆڵی وڵاتەکەی لە دەستداوە. 

شەممە 3ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز"، لە پەراوێزی لێدوانەکانی سەبارەت بە دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لەلایەن سوپای ئەمەریکاوە، ڕایگەیاند، لە وڵاتی مەکسیک، کارتێلەکانی ماددە هۆشبەرەکان نەک حکوومەتی هەڵبژێردراو، بەڵکو تەواوی مەکسیک بەڕێوەدەبەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کلاودیا شەینباوم، سەرۆکی مەکسیک، لە کارتێلەکانی ماددە هۆشبەرەکان دەترسێت، توانای لێپێچینەوە و ڕێگای یەکلاکەرەوەی بەرانبەریان نییە. 

ترەمپ گوتویەتی،"چەندین جار ئامادەیی هاوکاری ئەمەریکامان بۆ سەرۆکی مەکسیک لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی کارتێلەکانی ماددە هۆشبەرەکان پێشنیاز کردووە، بەڵام ئەو ئافرەتە دەترسێت".

دۆناڵد ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی،"ڕەنگە واشنتن پەنا بۆ ڕێوشوێنی توندتر ببات، دڵنیام دەبێت شتێک لە بارەی مەکسیکەوە بکرێت".

کوبا

ترەمپ ئاماژەی بەوەکردووە، کوبا دەتوانێت ببێتە بابەتی گفتوگۆ لە چوارچێوەی فراونکردن و پەرەپێدانی سیاسەتی ئەمەریکا لە ناوچەکە، تیشکی خستە سەر ئەگەری فراوانکردنی دەسەڵات و ساسەتی واشنتن لە دەرەوەی ڤەنزوێلا لە نێوان پەرەسەندنی گرژییەکان لە ئەمریکای لاتین.

لای خۆیەوە مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، دوای دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، پێویستە حکومەتی کوبا نیگەران بێت.

ڕوبیۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە فلۆریدا شانبەشانی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، "ئەگەر لە هاڤانا بژیم و بەشێک بوومایە لە حکوومەت، لانیکەم کەمێک نیگەران دەبووم"، ئاماژەی بەوەشکرد، "کوبا کارەساتە" و "لەلایەن کەسانی ناکارامە و پیرەوە بەڕێوەدەبرێت".

هۆشداری بۆ کۆڵۆمبیا

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا هۆشدارییەکی توندی بە گوستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیادا،ڕایگەیاندووە، "لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار لەگەڵیدا تووشی گرژی بووم، دوایین گرژی نێوانیشمان لە دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی ئەمەریکا بوو کە بووە هۆی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا".

لە میانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ترەمپ ڕایگەیاند، پێترۆ "کۆکاین دروست دەکات و دەینێرێت بۆ ئەمەریکا، بۆیە پێویستە وریا بێت".

قسەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دوای ئەوە دێت، گۆستاڤۆ پێترۆ سەرۆکی کۆڵۆمبیا، هێرشی ئەمریکای بۆ سەر ڤەنزوێلا ئیدانە کردبوو، هاوکات داوای کۆبوونەوەی دەستبەجێی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئەمەریکای لاتین و نەتەوە یەکگرتووەکانی کردبوو بۆ ئەوەی لە بارەی دەستدرێژییەکانی ئەمەریکاوە کۆببنەوە.

ئەمڕۆ شەممە بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتی یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە بە پاڵپشتیی فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر، ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕیان بۆ سەر شوێنی مانەوەی نیکۆلاس مادورۆ لە ڤەنزوێلا ئەنجام دا و توانییان خۆی و خێزانەکەی دەستگیر بکەن.

ترەمپ لە بارەی دەستگیریکردنەکەی گوتی: مادورۆ و خێزانەکەی دەگوازرێنەوە نیویۆرک و لەوێ دادگایی دەکرێن.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل