پهنجهی تۆمهت بۆ مێسی رادهكێشرێت
بارسێلۆنا ساڵانێکی زۆرە ئەوەندەی ئەم وەرزە لە دەستپێکی وەرزی لالیگا خراپ نەبووە، دوای ئەنجامدانی ١٠ گەڕ رۆناڵد کومان تەنیا ١٤ خاڵی بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا گواردیۆلا و ڤیلانۆڤا و مارتینۆ و ڤالڤیردی و کیکێ و هیچ راهێنەرێکی دیکەی بارسێلۆنا لە ماوەی ٣٣ ساڵی رابردوو ئەوەندەی رۆناڵد کومان لە رووی بەدەستهێنانی خاڵەوە هەژار نەبووینە.
جگە لە کومان پەنجەی تۆمەت ئاراستەی لیۆنێل میسیش دەکرێت و بە هۆکارێکی دیکەی ئەنجامە خراپەکانی بلاوگرانا دادەنرێت، چونکە لەم وەرزە بارسێلۆنا ٧ یاری بەبێ لیۆ کردووە، ٦ بردنەوە و یەک بەرامبەربوونی بەدەستهێناوە و هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، کەچی بارسێلۆنا لە ٨ یاریی لەگەڵ مێسی ٢ بردنەوە و ٢ یەکسانبوون و ٤ دۆڕانی هەیە و ئەنجامەکخنی خراپترن.
مێسی لە کۆی ١٣ یاریی ئەم وەرزەی بارسێلۆنا لە 9 یاریی لەسەر ئاستی یاریزانانی بارسێلۆنا تاکە یاریزانە زۆرترین تۆپی لەدەست دابێت، لەدوایین یاریی بەرامبەر کادێز ریکۆردی لەرووی لەدەستدانی تۆپ شکاند، ٢٩ جار تۆپی فەوتاند، پێشتریش بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس ٢٧ جار تۆپی لەدەست داوە، لە کلاسیکۆش بەرامبەر ریال مەدرید تاکە یاریزانی بارسێلۆنا بوو ٢٦ جار تۆپ لەدەست بدات، بەرامبەر ئاتلێتیک بلباو ٢٣ جار و بەرامبەر دینامۆ کیێڤیش ٢٢ جار تۆپی لەدەست دا.
مێسی لە جێبەجێکردنی لێدانی راستەوخۆش لە سەردەمی خۆیدا نییە، لە دوایین ٦٢ لێدانی راستەوخۆ لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی تەنیا گۆڵێکی کردووە، ٣ تۆپی لە ستوون داوە ٢١ جار گۆڵپارێزەکان بەرپەرچیان داوەتەوە ٢٣ جاریش تۆپی لە دیوار داوە و ١٤ جاریش تۆپەکانی مێسی بۆ دەرەوەی چوارچێوەی گۆڵ بوون.