پڕکردنەوەی پسوولەی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەست پێ دەکاتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، بەم نزیکانە پرۆسەی خۆتۆمارکردن و زیادکردنی ناو بۆ پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراک دەستپێدەکاتەوە.

یەکشەممە 4ـی کانوونی دووەمی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، تایبەت بە کوردستان24 ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی لە قۆناغەکانی ڕابردوودا بە هۆکاری ئەوەی لە دەرەوەی وڵات دەژین یان کێشەی کارتی نیشتمانیان هەبووە؛ دەتوانن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە پرۆسەی بە ئەلیکترۆنی کردنی پسوولەی خۆراک خۆیان تۆمار بکەن. 

ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆ هەر کەسێک کە لەم قۆناغەدا خۆی تۆمار دەکات، بڕی شەش هەزار دیناری لێوەدەگیرێت. 

لە بارەی زیادکردن و گواستنەوە لە پرۆسەکەدا، ڕایگەیاند، بە گوێرەی پلان و بڕیاری وەزارەتی بازرگانی، قۆناغێکی نوێ بۆ خێزانەکان و ئەو کەسانەی کاری گواستنەوە و زیادکردنی ناویان هەیە دەست پێدەکات. جەختی لەوەش کردەوە، دوای کرانەوەی ئەم قۆناغە پرۆسەکە بەردەوام دەبێت و ڕاناوەستێت. 

یەکشەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان،  ڕاگەیاند، بەم نزیکانە قۆناغی دووەمی پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک دەستپێدەکات، کە تێیدا هاووڵاتییان دەتوانن منداڵەکانیان تۆمار بکەن و ناوی مردووان بسڕنەوە و گواستنەوەی فۆڕمەکانیان ئەنجام بدەن.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی بەوە دا، پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک لە مانگی حوزەیرانی 2025ـەوە دەستیپێکردووە و تا ئێستا نزیکەی 94%ی هاووڵاتییان فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە. ئەو گوتی: "هەندێک لە هاووڵاتییان بەهۆی نەبوونی کارتی نیشتمانی یان لە دەرەوەی وڵات بوون نەیانتوانیوە فۆڕمەکانیان نوێ بکەنەوە، بەڵام دوای چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە، ئێستا دەتوانن فۆڕمەکانیان پڕبکەنەوە."

نەوزاد شێخ کامیل ئاشکرای کرد، وەزارەتەکەیان لە قۆناغی ئامادەکاریدایە بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی پرۆسەکە و گوتی: "کۆمپیوتەرەکانمان کڕیوە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا شاندێکی وەزارەتی بازرگانی عێراق سەردانی هەولێر بکات بۆ ڕێکخستنی سیستەمەکان و ڕاهێنان بە فەرمانبەرانمان."

لە قۆناغی دووەمدا، هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنێکی تایبەتەوە و بە بڕێک پارە، مامەڵەکانی زیادکردنی منداڵ، سڕینەوەی ناوی مردووان و گواستنەوەی فۆرمی خۆراک ئەنجام بدەن. پارەکەش لە ڕێگەی ماستەرکارتەوە دەدرێت و دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی بازرگانی عێراق.

شایەنی باسە پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک لە 14 پارێزگای عێراق دەستیپێکردووە و تا ئێستا زیاتر لە 27 ملیۆن هاووڵاتی فۆڕمەکانیان نوێکردووەتەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل