ڤەنزوێلا نغرۆی قەرز بووە
لادانی نیکۆلاس مادورۆ لە دەسەڵات، جارێکی دیکە دۆسیەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی ڤەنزوێلای هێناوەتە پێشەوە، کە بە یەکێک لە گەورەترین قەیرانە داراییەکانی جیهان دادەنرێت و وڵاتەکەی خستووەتە لێواری ئیفلاسبوونێکی بێ وێنە.
کۆتە داراییەکان بە ژمارە:
بەگوێرەی ڕاپۆرتە ئابوورییەکان، کۆی قەرزە دەرەکییەکانی ڤەنزوێلا لە نێوان 150 بۆ 170 ملیار دۆلاردایە کە لەنێوانیان 60 ملیار دۆلار قەرزی ئەو بۆندە داراییانەیە کە تا ئێستا ڤەنزوێلا نەیداونەتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکە بۆ ساڵی 2025 تەنیا بە 82.8 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت؛ واتە قەرزەکانی ڤەنزوێلا دوو هێندەی داهاتی ساڵانەی وڵاتەکەیە.
قەرزدەرەکان کێن؟
لیستی قەرزدەرەکان درێژە و چەندین لایەنی جیاواز دەگرێتەوە، لەوانە:
- خاوەن پشک و وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەکان.
- کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک "کۆنۆکۆ فیلیپس" کە داوای قەرەبووی ملیار دۆلاری دەکەن.
- چین و ڕووسیا کە لە سەردەمی چاڤیز و مادورۆدا قەرزی زۆریان بە کاراکاس داوە.
سەرەڕای ئەوەی داتای فەرمی لەو بارەیەوە زۆر کەمن و جگە لەمەش بە گۆڕانی نرخی نەوت قەرزەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، بەڵام بە گشتی بڕی ئەو قەرزانەی کە وەرگیراون بەگوێرەی بەدواداچوونە ئابوورییەکان، بەیژینگ و مۆسکۆ گەورەترین قەرزدەری حکوومەتەکەی مادورۆ بوون.
چین: بەگوێرەی ئامارەکانی ناوەندی Inter-American Dialogue، چین لە نێوان ساڵانی 2007 بۆ 2016 بڕی 60 ملیار دۆلار قەرزی داوەتە ڤەنزوێلا. ئاژانسی ڕۆیتەرز (Reuters) ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا نزیكەی 10 بۆ 12 ملیار دۆلاری ئەو قەرزە ماوەتەوە.
ڕووسیا: بەگوێرەی بەیاننامە فەرمییەکانی وەزارەتی دارایی ڕووسیا، مۆسکۆ بڕی 3.15 ملیار دۆلار قەرزی لای ڤەنزوێلایە کە پێشتر ڕێکخستنەوەی بۆ کراوە، جگە لە قەرزە کۆنەکانی کۆمپانیای ڕۆسنەفت (Rosneft) کە بەشێکی زۆریان لە ڕێگەی نەوتەوە وەرگیراونەتەوە.
ڕێگرییەکانی بەردەم چاکسازی:
پرۆسەی ڕێکخستنەوەی قەرزەکان زۆر ئاڵۆزە، چونکە ڤەنزوێلا 20 ساڵە هیچ هەماهەنگییەکی لەگەڵ سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) نییە. هەروەها سزاکانی ئەمەریکا ڕێگرێکی سەرەکییە لەبەردەم هەر جۆرە مامەڵەیەکی دارایی نوێ.
ئاسۆیەکی ناڕوون:
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کردووە، ڕەنگە کۆمپانیا نەوتییەکانی وڵاتەکەی بچنە ناو ڤەنزوێلا بۆ بووژاندنەوەی کەرتی نەوت، بەڵام پسپۆڕان پێیان وایە بۆ ئەوەی وڵاتەکە هەستێتەوە، پێویستە بەلایەنی کەمەوە 50%ی قەرزەکانی بۆ ببەخشرێت، کە ئەمەش ئێستا وەک مەحاڵ دەردەکەوێت.
