بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی ورمێ هۆشداری دەدات
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی پارێزگای ورمێ، داوای لە جووتیار و باخەوانان و ئاژەڵدارانی پارێزگاکە دەکات، لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما، بەپەلە ڕێکارەکانی خۆپارێزیی جێبەجێ بکەن.
دووشەممە، 5ـی کانوونی یەکەم 2026، حامید عەباسعەلینەژاد، بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی ورمێ، بە میدیای فەرمی ئێرانی ڕاگەیاندووە "پێویستە جووتیاران لە کاتی چاندنی پایزەی دانەوێڵەدا، هۆشیار بن و دابەزینی پلەکانی گەرما بە هەند وەربگرن، ئاوی بۆرییەکانی ئاودێری بەتاڵ بکەنەوە و ئەگەر چەوەندەری کۆکراوەیان لە کێڵگەکاندا ماوە، دەبێت دایبپۆشن."
عەباسعەلینەژاد، ئاماژەی بە مەترسیی شەختە و بەستنی تۆڕی ئاودێریی باخەکان دا و گوتی: مانەوەی ئاو لە بۆرییەکانی ئەو سیستەمانەدا دەبێتە هۆی بەستن و تەقینی بۆرییەکان، هەروەها دەبێت پەرچ و هەڵپاچینی لق و پۆپی دارە بەردارەکان تا کۆتایی وەرزی گەڵاڕێزان دوا بخرێت.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی پارێزگای ورمێ، جەختی کردەوە لەوەی "دابینکردنی داپۆشەری گونجاو بۆ چەوەندەری شەکر و کوتانی مەڕ و ماڵات و ڕەشەوڵاغ بە پێکوتەی دژی نەخۆشیی تەبەق، دوو ئەولەوییەتی ژیاریین لە هەفتەکانی داهاتوودا، کە پشتگوێخستنیان لەوانەیە ببێتە هۆی زیانێکی قەرەبوو نەکراوە."
عەباسعەلینەژاد، گوتیشی: نابێت ژمارەیەکی زۆری مێگەل لە ئاغەڵەکاندا مۆڵ بدرێن، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی گواستنەوەی نەخوشییەکان. جگە لەوەش دەبێت ئاژەڵداران لە کڕێن و فرۆشتنی ئاژەڵاندا ورد بن، بە تایبەتی ئەو ئاژەڵانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە هاوردە دەکرێن.
هەر لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: بۆ پێشگریی لە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و هەوکردنی سییەکانی گوێرەکە و بەرخە تازە زاوەکاندا، پێویستە لە شوێنی داخراو و پارێزراودا ڕابگیرێن و چاودێرییەکی تایبەتیان لێ بکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسیی پارێزگای ورمێ، داوای لە هەنگەوانەکان کرد" لە کاتی گواستنەوە و جێگیرکردنی کوورە هەنگەکان هۆشیار بن و دەریچەکانی فڕین لە کوورەکاندا بچووک بکەنەوە بە چاکی کوورەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرما، دابپۆشن و هەنگوینی پێویست بۆ خۆراکی هەنگەکان دابین بکەن."
عەباسعەلینەژاد، لە کۆتایی ڕاسپاردەکانیدا گوتی: لە بەشی کێڵگە پەلەوەرییەکانیشدا، ڕێکخستنی وردی پلەی گەرما، جێبەجێکردنی کەمترین ئاڵوگۆڕی هەوا لە شەودا و دابینکردنی خۆراکی پڕ وزە بۆ پەلەوەر بە مەبەستی پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی ئەگەریی ئەنفلوەنزای باڵندە، پێویستە.
