ژاپۆن.. ماسییەکی توونە بە زیاتر لە سێ ملیۆن دۆلار فرۆشرا
خاوەنی زنجیرە چێشتخانەیەکی سووشی لە ژاپۆن، لە بازاڕی سەرەکیی ماسیفرۆشانی تۆکیۆ ماسییەکی "توونەی شین"ـی لە زیادکردنێکی ئاشکرا دا، بە 3.27 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی کڕی، ئەمەش دەبێتە یەکەم مامەڵەی زیادکردنی ئاشکرای ساڵی نوێ.
کیۆشی کیمورا، کە بە "پاشای توونە" ناسراوە و خاوەنی زنجیرە چێشتخانەی (سووشی زانمای)ـە، توانی لەو زیادکردنەدا سەرکەوتوو بێت و ئەو ماسییە توونە زەبەلاحە بکڕێت، کە کێشەکەی 243 کیلۆگرام بوو، کە لە کەناراوەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ژاپۆن ڕاو کرابوو.
کیمورا دوای تەواوبوونی زیادکردنەکە لە بازاڕی (تۆیۆسۆ) گوتی: "وام دەزانی بە نرخێکی کەمتر دەستمان دەکەوێت، بەڵام نرخەکەی زۆر بە خێرایی بەرز بووەوە."
لە زیادکردنە ئاشكراکەدا ماسییە توونە شینەکە بە بڕی (510.3 ملیۆن یەنی ژاپۆنی) فرۆشرا کە دەکاتەی 3.27 ملیۆن دۆلار، ئەمەش بە بەرزترین نرخ دادەنرێت لە 27 ساڵی ڕابردوودا، بە گوێرەی تۆمارە تایبەتەکانی کڕین و فرۆشتنی ماسی لە ژاپۆن، کۆتا جار ساڵی 1999 بەرزترین نرخ بە ماسی دراوە.
پێشتر ژمارەی پێوانەیی بۆ ماسییەکی توونە کە کێشی 278 کیلۆگرام بوو، لە ساڵی 2019دا بە بڕی 2.12 ملیۆن دۆلار فرۆشرابوو. هەروەها ساڵی ڕابردووش گەورەترین ماسی توونە کە کێشی 276 کیلۆگرام بوو، بە بڕی 1.32 ملیۆن دۆلار فرۆشرابوو.
ساڵانە لە ژاپۆن زیادکردنی ئاشکرا بۆ یەکەمین ماسی توونەی ساڵ ئەنجام دەدرێت و زۆرجار نرخەکانیان دەگاتە ئاستێکی خەیاڵی، ئەمەش وەک نەریتێکی بازرگانی و هێمایەک بۆ بەخت و سەرکەوتنی چێشتخانەکان لە ساڵی نوێدا دەبینرێت.


