فوئاد حوسێن کاندیدی پارتییە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق
فوئاد حوسێن کاندیدی فەرمی پارتییە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.
ئەمڕۆ دووشەممە، 05ـی کانوونی دووەمی 2026، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، فوئاد حوسێن، وەک کاندیدی فەرمی پارتی، سیڤی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری داهاتووی عێراق پێشکەش کرد.
فوئاد حوسێن کێیە؟
- فوئاد محەممەد حوسێن بەگ، لە ساڵی 1946 لە شاری خانەقین لەدایکبووە.
- ساڵی 1967 بووەتە ئەندامی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان.
- ساڵی 1971 بەشی زمانی ئینگلیزیی لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی بەغدا تەواو کردووە.
- ساڵی 1974 پەیوەندیی بە هێزەکانی پێشمەرگەوە کردووە.
- ساڵی 1975 دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، لە هۆڵەندا بووەتە پەنابەر.
- ساڵی 1976 بووەتە سکرتێری کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات.
- ساڵی 1987 بووەتە جێگری سەرۆکی ئینستیتیوتی کورد لە پاریس.
- ساڵی 1984: وازی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێناوە و وەک کەسایەتییەکی سیاسیی سەربەخۆ لە کاری سیاسی بەردەوام بووە.
- لە ساڵانی 1984 - 1995 مامۆستا بووە لە ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکان.
- ساڵی 2003 دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، گەڕاوەتەوە عێراق و لە وەزارەتی پەروەردە دەستبەکار بووە و سەرپەرشتیاری داڕشتنەوەی پرۆگرامی خوێندن بووە.
- ساڵی 2005 لەگەڵ دامەزراندنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بووەتە سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.
- لە ساڵانی 1995 - 1996 بەڕێوەبەری کارگێڕیی ڕێکخراوی پەنابەرانی حکوومی بووە.
- لە ساڵانی 1996 - 2003 بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ لێکۆڵینەوە و ڕاهێنان بووە.
- لە ساڵانی 2018 - 2020، لە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی، وەزیری دارایی عێراق بووە.
- لە ساڵی 2020 تا ئێستا وەزیری دەرەوەی عێراقە.
بەشداریی لە کۆنگرەکانی ئۆپۆزسیۆن:
- 1991: کۆنگرەی بەیرووت
- 1992: کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراق لە ڤیەننا
- 1999: کۆنگرەکانی واشنتن و پیرمام
- 2002: کۆنگرەی لەندەن
- فوئاد حوسێن، جگە لە زمانی کوردی، زمانەکانی عەرەبی، ئینگلیزی و هۆڵەندیش دەزانێت و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
--------------------------------------------
بڕیارە کاتژمێر 03:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 05ـی کانوونی دووەمی 2025، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دابخرێت. تا ئێستا زیاتر لە 45 کەس خۆیان بۆ پۆستەکە کاندید کردووە.
بەپێی ماددەی 72ی دەستوور، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، ماوەی 30 رۆژ لەبەردەم پەرلەماندایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی وڵات. دوای ئەوەی هەڵبژێردرا، سەرۆکی نوێی کۆمار کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان کە بە پێی نەریتیی سیاسی، پشکی پێکهاتەی شیعەیە، ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵ.
لە ڕۆژی چوارشەممەوە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ ئەو پۆستە کراوەتەوە؛ ئەگەر ئەمڕۆ دووشەممە دەرگاکە داخرا؛ وردبینی بۆ ناوی کاندیدان دەکرێت و لیستی کۆتایی بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت.
