وەزارەتی پەروەردە بڕیارێکی نوێی لەبارەی نمرەی بابەتی هونەری پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی دەرکرد
ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئەزموونەکان و ساڵنامەی خوێندن، ڕێنماییەکی نوێی ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کردووە سەبارەت بە چۆنیەتی هەژمارکردنی نمرەی بابەتی هونەر بۆ پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی.
بەگوێرەی نووسراوەکە کە واژۆی "نورەددین عوسمان سەعید" بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکانی لەسەرە، بڕیاردراوە بۆ ساڵی خوێندنی (2025-2026):
1- لە وەرزی یەکەمدا، نمرەی بابەتی هونەر بۆ قوتابیانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی لە سیستەمی (ئێ-پەروەردە) تۆمار ناکرێت.
2- لە وەرزی دووەمدا، ئەم بابەتە لە سەرجەم قوتابخانە حکوومی و ناحکوومییەکان دەخوێندرێت و نمرەکانیان لە سیستەم تۆمار دەکرێت.
3- نمرەی وەرزی دووەم لە سیستەمی (ئێ-پەروەردە) وەک نمرەی وەرزی یەکەمیش هەژمار دەکرێت، ئەمەش بە مەبەستی ئاسانکاری و ڕێکخستنی نمرەکان لە بەڕێوەبەرایەتی ئەزموونەکان.
لە کۆتایی نووسراوەکەدا جەختکراوەتەوە کە پێویستە سەرجەم قوتابخانەکان پابەندی ئەم بڕیارە بن و لە وەرزی دووەمدا بابەتی هونەر بخوێنن و نمرەکانی بۆ قوتابیان تۆمار بکەن.
