لە کۆشکی سپی ترەمپ لەگەڵ پێترۆ کۆدەبێتەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕایگەیاند؛ ئامادەکارییەکان بۆ سازدانی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ گوستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا لە کۆشکی سپی دەستیپێکردووە.
ئەم هەنگاوە دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دێت کە ڕۆژی چوارشەممە لە نێوان هەردوو سەرۆکدا ئەنجامدرا، ئەوەش تەنیا چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی ترەمپ هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی کۆڵۆمبیا کردبوو.
ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروت سۆشیال" ئاشکرای کرد، پێترۆ پەیوەندی پێوە کردووە "بۆ ئەوەی دۆخی ماددە هۆشبەرەکان و ئەو ناکۆکییانەی دیکە کە هەمانبووە، ڕوونبکاتەوە". ترەمپ ئاماژەی بەوەشدا "تۆن و شێوازی قسەکردنی سەرۆکی کۆڵۆمبیا جێگەی بایەخ بووە" و ڕایگەیاند: "بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا چاوەڕێی چاوپێکەوتنم لەگەڵیدا دەکەم".
لەلایەکی دیکەوە، میدیاکانی کۆڵۆمبیا ئاماژەیان بەوە کردووە؛ پەیوەندییەکە زیاتر لە 20 خولەکی خایاندووە و کەشێکی دۆستانەی هەبووە.
ئەوە یەکەم گفتوگۆی نێوان هەردوو سەرۆک بووە، تێیدا پێترۆ کورتەیەکی لەبارەی هەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان خستووەتە ڕوو و جەختی کردووەتەوە؛ تا کۆتایی ئەمساڵ، بڕی سێ هەزار تۆن ماددەی هۆشبەر دەستبەسەردا دەگیرێت.
سەرۆک ترەمپ ئاماژەی بەوە داوە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لەگەڵ هاوتا کۆڵۆمبییەکەی ئێستا لە پەیوەندی و هەماهەنگی بەردەوامدان بۆ ڕێکخستنی کات و وردەکارییەکانی کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆک لە واشنتن.
ئەم نەرمبوونە لە پەیوەندییەکاندا لە کاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ترەمپ هێرشی توندی کردبووە سەر پێترۆ و بە "پاشای ماددە هۆشبەرەکان" ناوی بردبوو. ترەمپ لە پۆستەکانی پێشوودا ڕایگەیاندبوو کە پێترۆ "بە توندی هانی بەرهەمهێنانی نایاسایی ماددە هۆشبەرەکان دەدات" و هەڕەشەی بڕینی هەموو هاوکارییە داراییەکانی ئەمەریکای بۆ کۆڵۆمبیا کردبوو، بە "جۆرێک لە دزیکردن" وەسفی کردبوون.
بەگوێرەی تەلەفزیۆنی فەرمی کۆڵۆمبیا، پێترۆ داوای لە ترەمپ کردووە کەناڵەکانی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان بۆگۆتا و واشنتن بە کراوەیی بهێڵنەوە. پێترۆ هۆشداری داوەتە ترەمپ و گوتوویەتی: "ئەگەر گفتوگۆکان تێکبچن، شەڕ سەرهەڵدەدات و مێژوو ئەوەی فێرکردووین"، بۆیە داوای چارەسەری دیپلۆماسی بۆ کێشەکان کردووە.