نەتەوە یەکگرتووەکان: گەشەی ئابووریی جیهان لە 2026دا پاشەکشە دەکات

نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکات گەشەی ئابووریی جیهان بۆ ئەمساڵ (2026) بگاتە 2.7%، ئەمەش کەمێک کەمترە لە پێشبینییەکانی ساڵی ڕابردوو. ڕێکخراوەکە هۆکاری ئەم پاشەکشەیەی بۆ بەرزبوونەوەی باجی گومرگیی ئەمەریکا، نادڵنیایی ئابووریی و گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان گەڕاندووەتەوە.

ئابووریناسانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکەن لە ساڵی 2027دا گەشەی ئابووریی بۆ 2.9% بەرزببێتەوە، بەڵام ئەم ڕێژەیە هێشتا زۆر کەمترە لە تێکڕای گەشەی ساڵانی نێوان 2010 بۆ 2019 (پێش سەرهەڵدانی کۆرۆنا) کە 3.2% بوو، هەروەها پێشبینییەکانی گەشەی ئابووریی بۆ ساڵی 2025 بە 2.8% خەمڵێندراوە.

لەو بارەیەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "تێکەڵەیەک لە گرژیی ئابووریی، جیۆپۆلیتیکی و تەکنەلۆژی خەریکن نەخشەی جیهان دادەڕێژنەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی دۆخێکی نوێ لە نادڵنیایی ئابووریی و لاوازیی کۆمەڵایەتی."

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، پێشبینی دەکرێت گەشەی ئابووریی لە ئەوروپا، ژاپۆن و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە گشتی بە جێگیری بمێنێتەوە.

سەبارەت بە کیشوەری ئەفریقا، پێشبینی گەشەیەکی مامناوەند دەکرێت؛ بە جۆرێک لە 3.9% لە ساڵی 2025ەوە بۆ 4% لە ساڵی 2026 و 4.1% لە ساڵی 2027 بەرزببێتەوە. بەڵام ڕاپۆرتەکە هۆشداری داوە کە "کەڵەکەبوونی قەرزەکان و شۆکە ژینگەییەکان" مەترسیی جددین بۆ سەر ئابووریی وڵاتانی ئەفریقا.