ڕێکخراوی هاودەنگی گەلانی ئەفرۆ-ئاسیا: پێویستە خەڵکی مەدەنی و پرۆسەی ئاشتی لە حەلەب بپارێزرێت
ڕێکخراوی هاودەنگی گەلانی ئەفرۆ-ئاسیا، هۆشداری لە دۆخی شاری حەلەب دەدات و لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: ئەو شەڕ و ئاڵۆزییەی لەو شارە هەیە، هەڕەشەیە لەسەر نەمانی سیمای پێکەوەژیان لە یەکێک لە کۆنترین شارەکانی جیهان.
ڕێکخراوی هاودەنگی گەلانی ئەفرۆ-ئاسیا ئەمڕۆ هەینی 9ی کانوونی دووەمی 2026، لە بارەی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر کوردانی دانیشتووی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، کە کۆپیەکی بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 نێردراوە، تیایدا هاتووە "ڕێکخراوەکە بەدواداچوون بۆ پەرەسندن و گرژییەکانی حەلەب دەکات، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لە سەر ژیان و سەلامەتی خەڵکی مەدەنی هەیە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم جۆرە کردەوانە، هەڕەشەیە لەسەر نەمانی سیمای پێکەوەژیان لە یەکێک لە کۆنترین شارەکانی جیهان".
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەردەوامی گرژییەکان و پێکدادان لە ناوچەکە، جارێکی دیکە وا لە دانیشتووانی ئەو شارە دەکات باجی کردەوەیەک بدەن کە لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە، لەوانە ترس، ئاوارەبوون، پەککەوتنی کار و خوێندن و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، هەروەها ئاسایشی کۆمەڵایەتی کە ناتوارێت بە سەپاندنی هێز هیچ یەکێک لەمانە قەرەبوو بکرێنەوە.
ڕێکخراوەکە جەختی لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئاسایشی ژیان و ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکی ناوچەکە کردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و دابینکردن و پاراستنی قوتابخانە و نەخۆشخانە و بازاڕ و شوێنەکانی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان پێوەری بەرپرسیارێتییە تەنانەت ئەگەر کەسی بەرپرس سایسی یان سەربازی بێت.
ڕێکخراوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، جگە لە ڕێگەی دیپلۆماسیەت و گفتوگۆ هیچ ڕێگایەک نییە بۆ ئەوەی بتوانێت چارەسەری کێشەکانی ئەو ناوچەیە چارەسەر بکات، ئاماژەی بەوەشکردووە، بەکارهێنانی چەک لەوانەیە ببێتە هۆکاری بێدەنگ بوونێکی کاتی، بەڵام هەرگیز ناتوانێت ئاشتی هەمیشەیی دەستبەر بکات.
ڕێکخراوەکە لە بەیاننامەکدا جەختی لە پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی لە سووریا و حەلەب کردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، نابێت ڕێگە بدرێت ئاڵۆزییەکان زیاتر بن، چونکە بارگرانی زیاتر دەخاتە سەر شانی هاووڵاتییانی مەدەنی و بۆ هەمووان دۆخەکە خراپتر دەبێت.
لە کۆتاییدا ڕێکخراوەکە جەختی لەوەکردووەتەوە، دەبێت لایەنەکان ڕێگەی دیالۆگ و دانووستان هەڵبژێرن و لە سەر مێزی گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن، ئەمەش بە لە بەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی گەل.