وردبینی لە دۆسیەی کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆمار بەردەوامە

ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، ژمارەی ئەو کەسانەی داواکارییان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار پێشکەش کردووە گەیشتووەتە 81 کەس و ئێستا قۆناغی وردبینیکردنی ناو و ژیاننامەکانیان بەردەوامە بۆ پەسەندکردنیان.

ڕۆژی یەکشەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2026، سەفوان جەرجەری، ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی ڕاگەیاند: 81 کەس داواکارییان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار پێشکەش کردووە و خۆیان کاندید کردووە.

ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق، باسی لەوە کرد، ئێستا لیژنە تایبەتمەندەکان سەرقاڵی وردبینیکردنی ناوەکان و ژیاننامەی کاندیدەکانن، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی مەرجە دەستووری و یاساییەکانیان تێدایە.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، کە ڕێکارەکانی وردبینی هێشتا بەردەوامن و تا ئەم ساتە نەگەیشتوونەتە لیستی کۆتایی ناوە پەسەندکراوەکان، کە بڕیارە دواتر ڕابگەیەنرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە سێشەممە 6ـی کانوونی دووەمی 2026، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو: لە رێکەوتی 7ـی ئەم مانگەوە وردبینی لە ناوی کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆمار دەست پێدەکات و پەرلەمان داوای لە دەزگا پەیوەندیدارەکان کردووە، وردبینی لە لیستەکە بکەن.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی باسی لەوە کردبوو، چاوەڕێ دەکرێت، دوای پرۆسەی وردبینیکردن لە ناوەکان و ڕێکارەکان، ژمارەیەک لەو کاندیدانە شیاوبوونی خۆیان بۆ کاندیدبوون لەدەست بدەن و دوور بخرێنەوە.

 

پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق

سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی عێراق، وەک یەکەم هەنگاوی دەستووری دوای دەستبەکاربوونی، بە فەرمی دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کردەوە و ڕۆژی دووشەمە 5ـی کانوونی دووەمی 2026 وەک دوا وادە بۆ وەرگرتنی سی ڤی کاندیدان دیاریی کرد.

ڕۆژی دووشەممە 5ـی کانوونی دووەمی 2026، پەرلەمانی عێراق، لیستی کۆتایی کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆماری بڵاو کردەوە، کە 81 کەس بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە ناوی خۆیان تۆمار کردووە و لە نێویاندا 4 ئافرەت هەن.

بە پێی سیستمی دابەشکردنی دەسەڵات لە عێراق لە دوای ساڵی 2003، پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد تەرخان کراوە. 

 پەرلەمانی عێراق بە پێی دەستوور، لە ماوەی 30 ڕۆژ لە دوای یەکەم دانیشتنی خۆی، دەبێت سەرۆک کۆمارێکی نوێ هەڵبژێرێت. دوای هەڵبژاردنی، سەرۆک کۆمار 15 ڕۆژی لەبەردەست دەبێت بۆ ڕاسپاردنی کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.

پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە پەرلەمان پێویستی بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەیە. لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا، کاندیدێک بۆ بردنەوە پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئامادەبووان هەیە. ئەگەر هیچ کاندیدێک ئەو ڕێژەیەی بەدەست نەهێنا، دوو کاندیدی یەکەم دەچنە گەڕی دووەم و ئەو کەسەی زۆرترین دەنگ بەدەست دەهێنێت، دەبێتە سەرۆک کۆمار.