بە فەرمی ریال مەدرید ئالۆنسۆی دوورخستەوە و شوێنگرەوەشی دیاریی كرد
چابی ئالۆنسۆ دوای لەدەستدانی جامی سوپەری ئیسپانیا لە پۆستی راهێنەرایەتی ریال مەدرید دوورخرایەوە و ئەلڤارۆ ئەربێلوا وەكو راهێنەری نوێی مێرینگی دیاریكرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 12 جەنیوەری 2026، ریال مەدرید لە بەیاننامەیەكی فەرمی دا هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی چابی ئالۆنسۆی راگەیاند، لە بەرامبەردا ئەلڤارۆ ئەربێلوا وەكو شوێنگرەوەی دیاریكرا.
ریال مەدرید لە بەیاننامەكەیدا لەبارەی چابی ئالۆنسۆ نووسیویەتی:
بە رەزامەندی هەردوولا ماوەی راهێنەرایەتی ئالۆنسۆ لەگەڵ ریال مەدرید كۆتایی هات، بەڵام ئالۆنسۆ وەكو خۆشەویست و سەرسام لای هەموو هاندەرانی مەدرید دەمێنێتەوە، چونكە ئالۆنسۆ ئەفسانەی ریال مەدریدە و هەموو تایبەتمەندی و بەهایەكانی یانەكەی تێدایە، سوپاسی هەوڵەكانی ئالۆنسۆ و ستافەكەی دەكەین و ریال مەدرید هەمیشە وەكو ماڵی ئەوان دەمێنێتەوە.
چابی ئالۆنسۆ هاوینی رابردوو وەكو راهێنەری نوێی ریال مەدرید لە شوێنی كارلۆ ئەنچیلۆتی دەستبەكاربوو، بەڵام دوای 225 رۆژ دووخرایەوە، ئالۆنسۆ لەگەڵ ریال مەدرید لە كۆی 34 یاری، 24 بردنەوە، 4 یەكسان و 6 دۆڕانی هاتەڕێ و گرێبەستەكەی لەگەڵ مێرینگی هەڵوەشێندرایەوە.