ئاگاداریەک لە وەزارەتی پەروەردەوە بۆ ناوەندەکانی ناحکوومی

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک خزمەتگوزاری لە ئەپڵیکەیشنی(ئی_هەڵسەنگاندن) بۆ ناوەندەکانی خوێندنی نا حکوومی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ناوەندەکانی خوێندنی ناحکوومی دەتوانن سوود لە ئەپڵیکەیشنی (ئی-هەڵسەنگاندن) وەربگرن، مامۆستایان و قوتابییان دەتوانن وەک هەر ناوەندێکی دیکەی حکومی بەکاری بهێنن (جگە لە بابەتی بەشی نمرەکان). دەتوانن بە چەند زمانێک لە خزمەتگوزاریەکان سوودمەند بن.

خزمەتگوزارییەکان ئەمانەن:

​1. بەشی هەڵسەنگاندن: مامۆستا لەسەر حەوت ئاست هەڵسەنگاندن بۆ قوتابییان دەکات و بۆ بەخێوکارەکانیانی دەنێرێت.

2. دیاریکردنی کاتی چاوپێکەوتن: لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنەکەوە دەتوانرێت کات و ڕێککەوت دیاری بکرێت و بە شێوەی نۆتیفیکەیشن بۆ بەخێوکاری قوتابی دەچێت تاوەکوو سەردانی قوتابخانە بکات.

3. بەشی خشتەکان: بەخێوکاران دەتوانن خشتەی هەفتانەی خوێندنی منداڵەکانیان ببینن، بەو مەرجەی قوتابخانەکە لە سیستمی (ئی-پەروەردە) داخڵی کردبێت.

4. ئەرکی ماڵەوە ، مامۆستا دەتوانێت ئەرکی ماڵەوە بۆ قوتابییان و بەخێوکاران بنێرێت و  بە ناردنی وێنە و ڤیدیۆ، دەتوانرێت وێنەکان بکرێنە فایلی PDF یان لەرێگەی لینکێکی دەرەکییەوە بنێردرێن، بۆ ڤیدیۆش بە هەمان شێوە دەبێت.

5. تاقیکردنەوەکان: مامۆستا دەتوانێت ئەنجامی تاقیکردنەوە کورتەکان (Quiz) یان تاقیکردنەوە ڕۆژانەکان بۆ قوتابییان و بەخێوکاران بنێرێت.

6. بەشی وریاکەرەوەکان: بەڕێوەبەر و مامۆستایانی کەرتی حکوومی، قوتابییان و خێزانەکانیان دەتوانن لەم بەشەدا هەموو پەیامە فەرمییەکانی وەزارەت ببینن.

7. پەیامی بەڕێوەبەر: بەڕێوەبەری باخچە یان قوتابخانە دەتوانێت بە نۆتیفیکەیشن پەیام بۆ مامۆستایان، قوتابییان و بەخێوکاران بنێرێت (بە کۆمەڵ یان بە جیا).

8. بەدواداچوونی نووسراوە فەرمییەکان: باخچە و قوتابخانە ناحکوومییەکان دەتوانن لە کاتی ناردنی نووسراو بۆ پەروەردەی گشتی یان وەزارەت، لە ڕێگەی ژمارەی نووسراو و ژمارەی مۆبایلەکەیانەوە، ئاگاداری دۆخی بەدواداچوونی نووسراوەکە بن و هەموو جوڵەکان تا ئاستی واژۆی وەزیر ببینن.

9. کتێبخانەی ئەلیکترۆنی: مامۆستایان و قوتابییان دەتوانن لەرێگەی ئەپڵیکەیشنەکەوە هەزاران کتێبی پەروەردەیی، زانستی و ئەدەبی بخوێننەوە.

10. ڕیزبەندی ناوەندەکان: ناوەندەکانی خوێندنی ناحکوومی دەتوانن ڕیزبەندی هەموو ناوەندەکانی خوێندن ببینن.

11. ئی-خێزان: سوود وەرگرتن لە بابەتەکانی (ئی-خێزان) کە ژمارەیەکی زۆر ڤیدیۆ و ڕێنمایی تایبەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵانی تێدایە.

12. ڕاهێنانی ئەلیکترۆنی: مامۆستایانی کەرتی ناحکوومی دەتوانن سوود لە سەدان ڤیدیۆ، کتێب و ڕێگاکانی وانەوتنەوەی هاوچەرخ لە پلاتفۆرمی (ئی-ڕاهێنان) وەربگرن.

13. ڕاپرسی: ناوەندەکانی خوێندنی ناحکوومی دەتوانن بەشدار بن لەو ڕاپرسییانەی سەبارەت بە پرسە پەروەردەیی و زانستییەکان لە ئەپڵیکەیشنەکەدا دادەنرێن.