ئەمڕۆ زیاتر لە 20 زیندانیی شەڕەکەی لالەزار ئازاد دەکرێن
بڕیارە ئەمڕۆ زیاتر لە 20 گیراوی شەڕەکەی لالەزار کە لە زیندانی ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکراون، ئازاد بکرێن.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئاسایشی گشتیی سلێمانی کەس و کاری دەستگیرکراوانی شەڕەکەی لالەزاریان ئاگادار کردووەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، ئامادەبن بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی ئازادکردنیان.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئاسایشی گشتیی سلێمانی ڕایگەیاندووە، دەبێت کەسی نزیکی ئەو دەستگیرکراوانە ئامادەبن بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانی ئازادبوونی ئەو زیندانییانە، سەرچاوەکە دەشڵێت، ژمارەی زیندانیەکان زیاتر لە 20 کەسن و لە شەوی شەڕەکەی لالەزار، دەستگیرکراون.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئێستا نزیکەی 76 دەسگیرکراوی شەڕەکەی لالەزار لە زیندانی ئاسایشدا ماون و وا بڕیارە هەفتەی داهاتوو پێداچوونەوە بە دۆسییەی ئەو کەسانەی دیکەشدا بکرێت کە ئێستا لە زیندانن بۆ ئەوەی بەشێکی دیکەیان ئازاد بکرێن.
هاوکات دوای شەڕەکە ڕێگە بە کەس و کاری ئەو زیندانییانە دراوە دوو هەفتە جارێک سەردانی دەستگیرکراوەکان بکەن.
لە 22ـی ئابی 2025، ژمارەیەک هێزی ئەمنی و سەربازی هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، کە بارەگای سەرەکیی لاهور شێخ جەنگی بوو، لە ئەنجامدا ژمارەیەک کەس کوژران و برینداربوون.
دوای زیاتر لە سێ کاتژمێر لە شەڕ و پێکدادان، لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە سەرکردە و کارگێڕان و ئەندامانی بەرەی گەل دەستگیر کران.