پارێزەرەکەی: چارەنووسی ئارام قادر نادیارە
دادگاییکردنی ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی نیشتمانی، بۆ جارێکی دیکە دواخرا.
بڕیار بوو ئەمڕۆ سێشەممە، 13ی کانوونی دووەمی 2026، دانیشتنی دادگاییکردنی ناوبراو لە دادگای سلێمانی بەڕێوەبچێت، بەڵام وەک دوو جاری پێشوو، دانیشتنەکە ئەنجام نەدرا.
بەکر حەمە سدیق، پارێزەری ئارام قادر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هۆکاری دواخستنی دانیشتنەکە نەهێنانی ئارام قادرە بۆ دادگا لەلایەن ئەو هێزەی دەستگیری کردووە. گوتیشی، "بەپێی ڕاپۆرتی ئاسایش بۆ دادوەر، ئارام قادر نەخۆشە و نەیتوانیوە ئامادەی دانیشتنەکە بێت".
پارێزەرەکەی ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا ڕێگەیان پێنەدراوە سەردانی ئارام قادر بکەن و چاویان پێی بکەوێت، تەنیا کەسوکارەکەی توانیویانە بیبینن.
دواخستنی دادگاییکردنەکە بۆ 8ی مانگی داهاتوو، لە کاتێکدایە پێشتر دوو جار دانیشتنی دادگاییکردنەکە دواخراوە. یەکەمجار لە 4ی تشرینی دووەمی 2025 بۆ 30ی هەمان مانگ دواخرا. دووەمجاریش لە 30ی تشرینی دووەمی 2025 بۆ 13ی کانوونی دووەمی 2026 دواخرا.
ئارام قادر، کەسایەتی سیاسیی هەرێمی کوردستان، پێشتر لە بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پۆستی باڵای هەبووە. دواتر بووەتە سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی تا مانگی ئۆکتۆبەری 2024 دەستی لەکارکێشایەوە.
ناوبراو لە 12ی حوزەیرانی 2025 لە سلێمانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا. بەپێی قسەی پارێزەرەکەی، ئارام قادر بەپێی ماددەی 1 لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 تۆمەتبار کراوە، تایبەتە بە کاری سیخوڕی.