هۆشداریی دەدرێتە ئەو هاووڵاتیانەی یەکەی نیشتەجێبوونیان بەقیست کڕیوە
سامان عارەب، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر، هۆشدارییەکی توند ئاڕاستەی ئەو هاووڵاتییانە دەکات کە یەکەی نیشتەجێبوونیان بە شێوازی قست کڕیوە. داوا دەکات بە هیچ شێوەیەک قستەکان ڕاستەوخۆ نەدەنە کۆمپانیاکان، بەڵکو لە ڕێگەی بانکی تایبەت بە پڕۆژەکەوە مامەڵە بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، سامان عارەب بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "بۆ هەر پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون هەژمارێکی بانکی تایبەت کراوەتەوە، بۆیە هیچ وەبەرهێنەرێک مافی ئەوەی نییە لە شوێن و پێگەی پڕۆژەکەدا پارەی قستی هاووڵاتیان بە دەست وەربگرێت."
بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر ڕوونیکردەوە کە ئەم ڕێکارە بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتیانە و گوتی: "لە تەواوی پڕۆژەکانی نیشتەجێبووندا، وەبەرهێنەر ناتوانێت تاکلایەنە دەست بۆ پارەکە بەرێت؛ پارەکە دەبێت لە ڕێگەی بانکەوە بچێتە سەر هەژماری وەبەرهێنەر و تەنیا بە ئاگاداریی ئێمە خەرج دەکرێت."
سەبارەت بە شێوازی خەرجکردنی پارەکە بۆ کۆمپانیاکان، سامان عارەب ئاشکرای کرد: "هەر کات وەبەرهێنەر ڕێژەیەک لە کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بکات، ئێمە بە هەمان ڕێژە پارەی بۆ خەرج دەکەین."
لە کۆتاییدا بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر جەختی کردەوە و گوتی: "ئاگاداری هاووڵاتیان دەکەینەوە کە بە هیچ شێوەیەک پارە لە پێگەی پڕۆژەکە نەدەن و مامەڵەی دارایی بە پسوولەی دەستی نەکەن، تەنیا پسوولەی بانک باوەڕپێکراوە. هەروەها داواکارین گرێبەستەکانیان بهێننە لای ئێمە بۆ پشکنین و دڵنیابوونەوە."