عێراق گرێبەستی تێپەڕبوونی ئینتەرنێت لەگەڵ ئەوروپا واژۆ دەکات
عێراق گرێبەستێکی ستراتیژی بۆ تێپەڕبوونی هێڵی ئینتەرنێتی سێ وڵات بە خاکی خۆیدا بەرەو ئەوروپا واژۆ بکات. هاوکات لەگەڵ بەردەستبوونی ئینتەرنێتی ستارلینک، وەزارەتی گەیاندنی عێراق بڕیاری داوە خێرایی ئینتەرنێت بە رێژەی 20% زیاد بکات.
عومەر عەبدولرەزاق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی گەیاندنی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، رۆژی چوارشەممە، 9ـی کانوونی یەکەم، لە پەراوێزی هەڵبژاردنەکانی یەکێتیی نێودەوڵەتیی گەیاندن؛ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق لەگەڵ نوێنەرانی سێ وڵات گرێبەستێک واژۆ دەکات.
بەگوێرەی ئەم رێککەوتنە هێڵی ئینتەرنێتی ئەو سێ وڵاتە بە خاکی عێراقدا تێدەپەڕن و دەگەنە تەواوی وڵاتانی ئەوروپا. هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ئەم پرۆژەیە دەتوانێت پێگەی عێراق وەک ناوەندێکی هەرێمی بۆ گواستنەوەی داتا پتەوتر بکات و رێڕەوێکی نوێش بۆ پەیوەندیی نێودەوڵەتیی ئینتەرنێت دروست بکات.
عومەر عەبدولرەزاق باسی لەوە کرد، ئەمە لە داهاتوودا دەتوانێت گرنگیی عێراق لە بواری تەکنەلۆژیا و پەیوەندیی دیجیتاڵی زیاد بکات. گوتیشی، رێککەوتنەکە وا دەکات متمانەی زیاتری کۆمپانیاکان و وڵاتان لەگەڵ عێراق بۆ بواری ئینتەرنێت و دیجیتاڵی دروست بێت.
بە شێوەیەکی گشتی لە سەرتاسەری عێراق نزیکەی 50 کۆمپانیای جۆراوجۆر ئینتەرنێت دابین دەکەن، دیارترین ئەو کۆمپانیایانەش بریتین لە سوپەرسێڵ نێتۆرک، ئێرث لینک، زەین، ئاسیاسێڵ، ئۆنلاین، تۆرۆس، ئای کیو، عێراق سێڵ و رێگەی سورەیا.
ئەم هەنگاوانە لە کاتێکدان، لە ماوەی رابردوودا دابینکردنی ئینتەرنێت لە عێراق لە رێگەی ستارلینکەوە بەردەست بووە. هاوکات مانگی رابردوو وەزارەتی گەیاندنی عێراق بڕیاری دا خێرایی ئینتەرنێت بە رێژەی 20% زیاد بکرێت و بگاتە 50 مێگابیت لە چرکەیەکدا.