بەرگریی شارستانی هەولێر: گەشتی ناوچە شاخاوییەکان مەکەن
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفرو بارانەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لە سنووری پارێزگای هەولێر سەرجەم تیمەکانیان خراونەتە ئامادەباشییەوە، هاوکات داوا لە هاووڵاتییان و گەشتیاران دەکات ئەگەر کاری پێویستیان نەبێت، نەچنە دەرەوەی شار .
چوارشەممە 14ـی کانوونی دووەمی 2026، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی،" بەهۆکاری گۆڕانگارییەکانی کەشوهەوا و ئەو شەپۆلە باران و بەفربارینەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بۆ سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان و گەشتیاران، داوا دەکەین سەردانی ئەو شوێنانە نەکەن کە مەترسی دروستبوونی لافا و پەنگخواردنەوەی ئاوی لێدەکرێت، هەروەها لەم کاتانەدا مەترسی زۆرە و گەشتی ناوچە شاخاوییەکان نەکەن، بە تایبەت تیمەکانی شاخەوانی.
لە بارەی ئامادەکارییەکان بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، شاخەوان سەعید گوتی،" لە سنووری پارێزگای هەولێر 26 بنکەی بەرگریی شارستانی و 2 تیمی ڕزگارکردن و تیمێکی گەرۆک بۆ فریاگوزاریی خێرا هەن، سەرجەمیان لە ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.
بە گوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی، پێشبینی دەکرێ، شەپۆڵێکی بەفر بارین لەناوچە شاخاوییەکان و سنوورییەکان بگرێتەوە، هەروەها لە بۆ ئەمشەو ئەگەری بارینی بەفر لە سەنتەری شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و باکووری شاری دهۆک هەیە، هاوکات شەپۆڵێکی نمە باران و بارانی مامناوەند سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە بۆ (3 - 5 ) پلەی سیلیزی.