بەهۆکاری پیسبوونی ئاوی خواردنەوە لە بەغدا 53 کەس گورچیلەیان لە کارکەوتووە
ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی دانیشتووی ناوچە پیشەسازییەکان لە بەغدا، بە هۆکاری پیسبوونی ئاوی خواردنەوە، تووشی نەخۆشییەکانی گورچیلە بوونەتەوە، ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا لە ڕێگەی لیژنەیەکەوە دەیەوێت هۆکارەکانی ئاشکرا بکات.
چوارشەممە 14ـی کانووی دووەمی 2026، عەلی خەلیل ئەلعامری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، ڕایگەیاندووە، لە بەدواداچوونەکاندا، ئەنجوومەنی پارێزگا بۆی دەرکەوتووە کە تووشبوون بە حاڵەتی پەککەوتنی گورچیلە لە نێو دانیشتووانی ناوچە پیشەسازییەکان لە کەرتی ڕەسافەی بەغدا بە ڕێژەیەکی زۆر زیادی کردووە؛ ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، 53 حاڵەت تۆمار کراوە و تاوەکو ئێستا نەتوانراوە چارەسەری گونجاویان بۆ بکرێت.
گوایە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەکە کۆبونەتەوە، هاوکات لێکۆڵینەوەیان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە، هۆکاری سەرەکی پیسبوونی ئاوی ماڵان لەو ناوچەیە، بەهۆی چەند کارگەیەکی کەرتی تایبەتە، کە دوور لە چاودێری و ڕێنمایی و ڕێکارە یاساییەکانی حکوومەت کاردەکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بارودۆخی سەختی ژیان وایکردووە زۆرێک لە نەخۆشەکان خۆیان لە ڕاوێژکردن بە پزیشکی پسپۆڕ بەدوور بگرن و لەبری ئەوە دەرمان لە دەرمانخانەکان بەبێ ڕەچەتە بکڕن، ئەمە جگە لەوەی دەرزی و چارەسەر لە پزیشکی بێ مۆڵەت وەردەگرن، کە ئەمەش جارێکی دیکە مەترسی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ژیانیان دروست دەکات.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا ئاشکرایکردووە، بە نیازن سەردانێکی فەرمی بۆ بەرێوەبەرایەتی تەندروستی ڕەسافە بکەن بەمەبەستی پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، کە ئەم لیژنانە لە داهاتوودا سەردانی مەیدانی بۆ دەرمانخانەکان ڕێکدەخەن، بۆ دڵنیابوون لە کوالیتی دەرمانەکان و دڵنیابوون لەوەی کە تەنیا لە ڕێگەی ڕەچەتەی پزیشکی ڕێپێدراوەوە دەرمان بە خەڵکی ئەو ناوچەیە بدرێت.
لە کۆتاییدا عەلی خەلیل، جەختی لەوە کردووەتەوە، دۆخی قەزاکە پێویستی بە بڕیارێکی بەپەلە هەیە، لەگەڵ پێویستی باشترکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکی و تەندروستییەکان بۆ پاراستنی خۆشگوزەرانی دانیشتووان و تەندروستی خەڵکی ناوچەکە.