دەیان کەس لە بازاڕی دراو دەستگیر کران
یارییان بە بەهای دینار کردووە
دەیان کەس بەهۆی یاریکردن بە بەهای دینار و دروستکردنی شڵەژان لە بازاڕەکانی دراو دەستگیرکران.
لە ماوەی رابردوودا ناسەقامگیرییەکی زۆر بازاڕی دراوی عێراقی گرتەوە کاریگەرییەکەی تاوەکو ئێستا ماوە، حکوومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی کردووە دژی ئەو کەسانەی یاری بە نرخەکان دەکەن.
میقداد میری گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند؛ لێپێچینەوەی یاساییان لە دژی 91 کەس گرتووەتەبەر کە تۆمەتباربوون بە یاریکردن بە بەهای دۆلار و دینار.
ئەو رێکارە یاساییەی دژی ئەو کەسانە گیراوەتەبەر بەهۆی چەند هۆکارێکە، بەشێکیان مامەڵەی هەواییان کردووە، واتە بەبێ ئەوەی دۆلار و دیناریان پێ بێت نرخیان بەرزکردووەتەوە، بەشێکی دیکەیان بەشداربوون لە گواستنەوەی نایاسایی دۆلار لەنێوان شارەکان کە پڕۆسەی گوماناوی بوون و دەرکەوتووە بۆ یاریکردنبووە بە بەهای دینار.
ئەوە لەکاتێکدایە، بەهای دینار لە ماوەی رابردوودا ناجێگیری بەخۆیەوە بینی و لە هەندێک شوێن بەهای 100 دۆلار گەیشتە 150 هەزار دینار، ئەوەش بەهۆی شڵەژانی بازاڕەکان و ئەو ترسە بوو لە بازاڕ سەریهەڵدا.