پەردە لەسەر نەمانی 14 ملیار دینار لە بانکی ڕافیدەین هەڵدەدرێتەوە

وەزارەتی دارایی عێراق، لە ڕێگەی نووسراوێکەوە، بانکی ڕافیدەین لە هەبوونی گەندەڵی و بەهەدەردانی پارە بە بڕی 14 ملیار دینار لەلایەن کارمەندانی ئەو بانکەوە ئاگادار دەکاتەوە، بەگوێرەی نووسراوێکیش بەشێکی زۆری گەندەڵییەکە لە وەرگرتنەوەی قیستی مانگانەی پێدانی ئۆتۆمبێل بە هاووڵاتییاندا کراوە.

بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی، کە لە وەزارەتی داراییەوە ئاراستەی بانکی ڕافیدەین کراوە، تێیدا هاتووە، بەشێک لە کارمەندانی ئەو بانکە لە وەرگرتنەوەی ئەو قەرزەی لە فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بەشێوەی قیستی مانگانە بە هاووڵاتییان دراوە، گەندەڵییان کردووە و پارەیان بە هەدەرداوە.

بەگوێرەی نووسراوەکە، دەرکەوتووە، بڕە پارەیەک لەو قیستەی مانگانە لەلایەن بانکی ڕافیدەین بە کاش لە هاووڵاتییان وەرگیراوەتەوە، ونبووە و هاوتای بەڵگەنامە فەرمییەکان نییە.

لە نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوەدراوە‌، 14 ملیار دینار لە بانکی ڕافیدەین گەندەڵی تێدا کراوە و بەهەدەردراوە، كه‌ به‌شێكیان په‌یوه‌ندییان بە گێڕانەوەی قه‌رز و پێدانی قه‌رزی كڕینی ئۆتۆمبێل بە هاووڵاتییان هەیە.

هاوکات سەرچاوەیەک بە میدیاکانی عێراقی ڕاگەیاندووە، ئەو گەندەڵی و بە هەدەردانە تەنیا خۆی لە وەرگرتنەوەی قەرز و بەهەدەردانی پارە لەلایەن فەرمانبەران و بەپرسان نابینێتەوە، بەڵکو بەشێک لە بەرپرسان پێگەکانیان بۆ بەدەستخستنی پارە لە دەرەوەی یاسا بەکاردەهێنن.