دوای شەش ڕۆژ لە بەرزبوونەوە نرخی نەوت دابەزی
ئەمساڵ خواست لەسەر نەوت 106 ملیۆن بەرمیل تێدەپەڕێنێت
دوای ئەوەی نرخی نەوت لە شەش ڕۆژی رابردوو بەرزبوونەوەی تۆمارکرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە ئاراستەی دابەزینی گرتەبەر.
نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەشێوەیەکی خێرا دابەزی، تەنیا ئەمڕۆ 3%ـی بەهاکەی لەدەستدا، دوێنێ نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بەربەستی 66 دۆلاری تێپەڕاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ نرخەکەی بۆ 64 دۆلار و 35 سەنت دابەزی.
ئەو دابەزینە خێرایەی نرخی نەوت تۆماریکردووە، بەهۆی کەمبوونەوەی ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران بووە، بە تایبەت لەدوای لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ.
ڕێکخراوی ئۆپیک، پێشبینییەکانی خۆی بۆ خواست لەسەر نەوتی خاو بڵاوکردەوە، ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە فاکتەرێکی بەهێزە بۆ داهاتووی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان.
ئۆپیک لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا پێشبینی کردووە؛ خواستی ڕۆژانە لەسەر نەوت لەمساڵدا بە بڕی ملیۆنێک و 380 هەزار بەرمیل زیاد بکات.
بەپێی ڕاپۆرتەکە لەمساڵدا خواست لەسەر نەوتی خاو دەگاتە ئاستی 106 ملیۆن و 520 هەزار بەرمیل، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو خواستەکە گەیشتە ئاستی 105 ملیۆن و 140 هەزار بەرمیل نەوت.
بۆ ساڵی داهاتوو ڕێکخراوەکە پێشبینی دەکات، خواست لەسەر نەوت بۆ 107 ملیۆن و 860 هەزار بەرمیل بەرزببێتەوە.
خواست لەسەر نەوت یەکێکە لە فاکتەرە هەرە بەهێزەکانی دیاریکردنی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان، تاوەکو خواست لەسەری زیاتر بێت نرخەکەی زیاتر ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکات.
هەرچەندە لە ماوەکانی ڕابردوودا بەهۆی سیاسەتەکانی دۆستی ژینگە و کەمکردنەوەی دەردانی گازی زیانبەخش مەترسی لەسەر داهاتووی نرخی نەوت بوو، بەڵام ئاراستەی وەبەرهێنان لە ساڵی 2025دا دەریخست خواست لەسەر نەوت تا ساڵانێکی دیکە بە بەرزی دەمێنێتەوە و گەشە دەکات.