ھۆشداری لە دواكەوتنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 دەدرێت
بەشیر حەداد: دواکەوتنی پڕۆژە یاسای بودجە کاریگەری لەسەر مووچە دەبێت
K24 - ھەولێر
د. بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هۆشداری لە درەنگکەوتنی رەوانەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 بۆ پەرلەمان دەدات.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژە بەوەدا، درەنگکەوتنی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ پەرلەمان، لێکەوتەی نەرێنی هەیە و مووچە فەرمانبەران دوادەخات.
د. بەشیر حەداد لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی رایگەیاند، پەرلەمان چاوەڕوانی گەیشتنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ـە، کە حکومەت رەوانەی بکات و پەرلەمانیش خوێندنەوەی بۆ بکات و بیخاتە دەنگدانەوە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئەوەشی خستووەتەروو، پەککەوتنی پڕۆژە یاسای بودجە لێکەوتەی نەرێنی لەسەر دۆخی دارایی و ئابووری وڵات دەبێت، بۆ مانگەکانی داهاتوو مووچەی فەرمانبەران درەنگ دەکەوێت.