دێرین مەحموود ستراتیژییەکی نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیسلێکسیا و گرفتەکانی منداڵان دەخاتە ڕوو

دێرین مەحموود
دێرین مەحموود

دێرین مەحموود، ڕاهێنەری نێودەوڵەتی لە نەرویج و کوردستان، بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 ستراتیژییەکی نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیسلێکسیا و گرفتەکانی منداڵان دەخاتە ڕوو.

ئەو ڕاهێنەرە نێودەوڵەتییە لە هەردوو وڵاتی نەرویج و کوردستان کار دەکات، جەخت لەوە دەکاتەوە کە گرفتی دیسلێکسیا بە هیچ شێوەیەک وەک نەخۆشی هەژمار ناکرێت، بەڵکو تەنها جۆرێکی جیاواز و تایبەتی فێربوونە کە پێویستی بە هاوکارییەکی سیستماتیکی و ورد هەیە.

دێرین مەحموود  لە ڕێگەی کارە مەیدانییەکانی و کتێبەکانی بە ناونیشانی (گەشەی منداڵ و گرفتی دیسلێکسیا) و (کێشەی منداڵان و گرفتەکانیان)، تیشک دەخاتە سەر گرنگی کارکردن لەگەڵ کەسانی پسپۆڕ و ڕاهێنراو بۆ چارەسەرکردنی گرفتە جۆراوجۆرەکانی وەک ADHD ،ADD ،Dyspreksi و Dysfoni، لە پاڵ چارەسەرکردنی دڵەڕاوکێ و ترس (فۆبیا) لای منداڵان کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر هەست و بیرکردنەوە و ڕەفتاریان هەیە. 

دوو کتێبی دێرین مەحموود سەبارەت بە کێشە و گرفتی منداڵان بە زمانی کوردی لە کوردستان بڵاوبووەتەوە

 

بە بڕوای ئەم ڕاهێنەرە، دەستنیشانکردنی پێشوەختە لە ڕێگەی تاقیکردنەوەی خوێندن و نووسین لە قۆناغی سەرەتاییدا، لەگەڵ چاودێری وردی مامۆستایان بۆ ئەو هەڵە دووبارەبووانەی وەک گۆڕینی پیتەکان، خوێندنەوەی خاو، یان تێکچوونی ڕیزبەندی وشەکان، هەنگاوی سەرەکین کە دەبێت بە هاوبەشی نێوان قوتابخانە و خێزان و پسپۆرانی دەروونی ئەنجام بدرێن.

دێرین پێی وایە، پرۆسەی هاوکاریکردنی ئەم منداڵانە پێویستی بە شێوازێکی فێرکردنی فرە-هەستی هەیە کە تێیدا بینین، بیستن، دەست و جووڵە بەیەکەوە بەکاردەهێنرێن، بە جۆرێک وانەکان دەبێت بە شێوەیەکی زۆر هێواش و قۆناغ ‌بەقۆناغ و بە دووبارەکردنەوەی زۆرەوە بڵێنەوە، بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە فشارێکی نمرە بخرێتە سەر قوتابییەکە.

کتێبێکی دێرین مەحموود سەبارەت بە کێشە و گرفتی منداڵان لە نەرویج  بڵاوکراوەتەوە

 

 هاوکات پێشنیازی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستەمی تاقیکردنەوەکاندا دەکات، وەک تەرخانکردنی کاتی زیاتر، ڕێگەدان بە تاقیکردنەوەی دەنگی لەجیاتی نووسراو، هەروەها کەمکردنەوەی بایەخی هەڵە ڕێزمانییەکان، تاوەکو منداڵەکە متمانەی بەخۆی هەبێت و هەست بە کەمی نەکات، لەم نێوەندەدا، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا وەک ئامرازێکی یاریدەدەری گەورە و دابینکردنی پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ بەهێزکردنی متمانە بەخۆبوونی منداڵ و پاراستنی لە شکاندنەوە، بە کۆڵەکەی سەرەکی چارەسەر دادەنرێت. 

 

ئەم ڕاهێنەرە نێودەوڵەتییە نیگەرانی قووڵی خۆی دەردەبڕێت کاتێک دەبیستێت دیسلێکسیا بە نەخۆشی ناودەبرێت، چونکە مێژوو دەریخستووە کە زۆرینەی کەسایەتییە هەرە بەناوبانگ و داهێنەرەکانی جیهان هەمان جۆری فێربوونیان هەبووە و تەنها لە ڕێگەی تێگەیشتن لە جیاوازییەکانیان و هاوکاری زانستییەوە توانیویانە بگەنە لووتکەی سەرکەوتن.

دێرین مەحموود لەکاتی پێشکەشکردنی وۆرک شۆپەکانی