ئەمریکا گوشارەکانی بۆ سەر سەنعا توندتر دەکاتەوە

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لە ڕێگەی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی دەرەکییەوە، سزای بەسەر 21 کەس و لایەن و کەشتییەکدا سەپاند، بە تۆمەتی پاڵپشتی دارایی گرووپی حوسییەکانی یەمەن کە لە ئێرانەوە نزیکن. 

هەینی، 16ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا، ڕایگەیاند، ئەو تۆڕانەى کە بە ئامانج گیراون، تێوەگلاون لە قاچاخچێتى نەوت و سپیکردنەوەى پارە و کڕینى چەک. ئاماژەی بەوەش کردووە، چالاکی ئەو کەس و لایەنانە بۆ دابینکردنی دارایی هێرشی حوسییەکان و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە بەکار دەهێنرێن، لەنێویاندا هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور.

وەزارەتى گەنجینەی ئەمریکا، ئاشکرای کردووە، ساڵانە حوسییەکان زیاتر لە دوو ملیار دۆلاریان لە فرۆشتی نەوت بە ڕێگەی نایاسایی دەست دەکەوێت، ئەمەش لە ڕێگەی ئەو بەندەر و کەناڵانەوە کە ئێران پاڵپشتی دەکات. 

سزاکانی ئەمجارەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی نەوت و دارایی، هەروەها تۆڕەکانی قاچاخی چەکیان کردووەتە ئامانج، لەنێویاندا هەوڵدان بۆ قاچاخیکردن بە مووشەکی دژە تانکیش هەبووە، هەروەها ئەو هێڵە ئاسمانیانەی کە هەوڵیان داوە فڕۆکە بکڕن بۆ بەکارهێنانی لە قاچاخچێتی و دەستکەوتنی داهات، سەرجەمیان سزایان بەسەردا سەپێندراوە.

بە گوێرەی سزا نوێیەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەو ڕێوشوێنانە کۆمپانیاکانی کەشتیوانی و کاپتنەکانی کەشتییەکانیان کردووەتە ئامانج کە دوای تەواوبوونی مۆڵەتە مرۆییەکانیان بەردەوام بوون لە گەیاندنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ بەندەرەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان، ئەمەش بە پێشێلکردن لە سنووردارکردنی مامەڵەکردن، پاڵپشتی دابینکردنی دارایی، بۆ گرووپە چکدارەکان دادەنرێت. 

بە گوێرەی سزاکان، سەروەت و سامانی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەستی بەسەردا دەگیرێت کە مامەڵە لەگەڵ ئەو ناوانەدا دەکەن کە لە لیستەکەی ئەمریکادا هاتووە، هاوکات هۆشداری دراوە لە رووبەڕووبوونەوەی سزای مەدەنی و تاوانکاری بۆ هەر کەس و لایەنێک کە پێشێلکاری ئەنجام بدەن. 

دوای ڕووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر و سەرهەڵدانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە و بە تایبەتیش حووسییەکانی یەمەن، دەستییان بە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل و کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن دەستپێکرد و وای کرد جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکان کەم بێتەوە، دوای پەرەسەندی ئاڵۆزییەکان، عەبدولمەلیک حووسی، ڕێبەری حووسییەکانی یەمەن، فەرمانی دا هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر ئیسرائیل و کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، ڕابگرن.