جوتیاران لە پڕۆژەی هەژماری من سوودمەند دەبن
جوتیاران لە پڕۆژەی "هەژماری من" تۆمار دەکرێن و لەمەودوا شایستە داراییەکانیان لە ڕێگەی هەژماری بانکی، هاوشێوەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت. هاوکات، ماوەی تۆمارکردنی جوتیاران لە پڕۆسەی ئەمساڵی بەبازاڕکردنی گەنم درێژکرایەوە.
بەگوێرەی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان کە بۆ گشت بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان نێردراوە؛ هاوشان لەگەڵ تۆمارکردنی پلانی ساڵانەیان بۆ بەبازاڕکردنی گەنم، جوتیاران دەتوانن لە پڕۆژەی "هەژماری من" ناوی خۆیان تۆمار بکەن و ببنە خاوەنی هەژماری بانکی تایبەت بە خۆیان.
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "پێویستە پڕۆسەی بایۆمەتری بۆ جوتیاران بکرێت و هەژماری بانکی بۆ هەر جوتیارێک بکرێتەوە، جوتیاران دەتوانن لە سنوورەکانیان هەردوو فۆڕمی تایبەت بە ئەنجامدانی بایۆمەتری و فۆڕمی کردنەوەی هەژماری بانکی لە سەرجەم قەزا و ناحیەکان وەربگرن."
وەزارەتی کشتوکاڵ جەخت دەکاتەوە، هەر جوتیارێک هەژماری بانکی نەکاتەوە، ناوی لە پڕۆسەی ئەمساڵی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران تۆمار ناکرێت. ئاماژە بەوە کراوە؛ بۆ ئەوەی سەرجەم جوتیاران سوودمەند بن، کاتی تۆمارکردنی جوتیاران تاوەکو 1ـی ئاداری 2026 درێژدەکرێتەوە.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی کشتوکاڵ بە ئامانجی پشتیوانیکردنی زیاتری جوتیارانە، بە شێوەیەک چیتر پێویست بە چاوەڕوانییەکی زۆر لە ناو بانکەکان نەکات بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان، بەڵکو لە ڕێگەی هەژماری بانکییەوە پڕۆسەی پێدانی شایستەکان خێراتر دەبێت و جوتیاران دەتوانن لە سەرجەم خزمەتگوزارییە بانکییەکان سوودمەند بن.