نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە مەرسوومە نوێیەکەی سەرۆکایەتی سووریا دەکات
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، پشتیوانی خۆی بۆ مەرسوومە نوێیەکەی سەرۆکایەتی سووریا سەبارەت بە دانپێدانان بە مافەکانی کورد دەربڕی و ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوە بنەمایەکی سەرەکییە بۆ بنیاتنانی سووریایەکی نوێ و جێگیر کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا پارێزراو بێت.
نێچیرڤان بارزانی دەستخۆشی لە مەرسوومەکەی ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا دەکات کە ڕۆژی ڕابردوو دەرچووە و تێیدا کورد وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەنی وڵاتەکە ناسێندراوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم بڕیارە بە هەنگاوێکی سیاسی و یاسایی دروست و گرنگ وەسف دەکات کە دەبێتە هۆی زامنکردنی مافەکانی هەمووان و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد لە سووریادا.
لە پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی ئاماژە بەوە دەدات، ڕێزگرتن لە فرەیی و یەکسانی نەک هەر نابێتە هۆی دابەشبوون، بەڵکوو وەک سەرچاوەی هێز و کۆڵەکەی سەقامگیری و ئاشتی و بەهێزکردنی پێکەوەژیانی نیشتمانی لە قەڵەم دەدرێت، هەروەها جەخت دەکاتەوە لەوەی، بایەخی ڕاستەقینەی ئەم بڕیارانە کاتێک دەردەکەوێت کە ببنە یاسای کارپێکراو و لە دەستووری داهاتووی سووریادا جێگیر بکرێن بۆ ئەوەی پارێزبەندییەکی هەمیشەییان هەبێت.
هەرێمی کوردستان پشتیوانی هەر هەوڵێک دەکات کە ئامانجی دروستکردنی دەوڵەتێکی گشتگیر بێت لە سووریا، بە شێوەیەک کە دوور بێت لە پەراوێزخستن و جیاکاری، هەروەها مافە سیاسی و کولتوورییەکانی هەمووان تێیدا پارێزراو بێت، ئەمەش بە فاکتەرێکی سەرەکی بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە دەزانێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بە دوور لە توندوتیژی و بە هەماهەنگی، میکانیزمی ڕوون بۆ جێبەجێکردنی ئەم مەرسوومە دابنێن و بیخەنە بواری کردەییەوە.
هەروەها ئامادەیی تەواوی هەرێمی کوردستانی بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک نیشان داوە کە خزمەت بە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە بکات.
ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە سووریا قۆناغێکی هەستیاری گۆڕانکاری سیاسی بەڕێ دەکات، مەرسوومەکەی سەرۆکایەتی سووریا بۆ ناساندنی کورد وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەن، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە دیدگای دەسەڵاتی نوێی ئەو وڵاتە بەرانبەر بە پرسی کورد، کە بۆ چەندین دەیەی ڕابردوو یەکێک بوو لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ناوچەکە، ئەم هەنگاوە دەتوانێت ڕێگ خۆشکەر بێت بۆ چارەسەرێکی سیاسی هەمیشەیی و کۆتاییهێنان بە ململانێ نەتەوەییەکان لەناو خاکی سووریادا.