ماکرۆن: سەقامگیریی سووریا لە ڕێگەی تێکەڵکردنی هەسەدە و دیالۆگەوە دەبێت
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا هەڵوێستی فەرمی خۆی سەبارەت بە داهاتووی سووریا ڕادەگەیەنێت و جەخت دەکاتەوە کە بەدیهێنانی سەقامگیری و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە، تەنها لە ڕێگەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ناوخۆی دەوڵەتدا دەبێت.
ماکرۆن داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی حکومەتی سووریا دەکات و هۆشداری دەدات کە بەردەوامبوونی ئەو ڕێچکە سەربازییە لە لایەن ئەوروپاوە پشتگیری ناکرێت.
ماکرۆن ئاماژە بەوە دەکات، شەڕکردن دژی ئەو هێزانەی شانبەشانی هاوپەیمانان ڕووبەڕووی ڕێکخراوی داعش بوونەتەوە، کارێکی نادروستە و پێویستە حکوومەتی سووریا پەنا بۆ گفتوگۆ و چارەسەری سیاسی ببات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە فەرەنسا و ئەوروپا ناتوانن پاڵپشتی لە بەردەوامیی هێرشەکان بکەن و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر بە تەنها ڕێگەی ڕاست دەزانن بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان.
ئیمانوێل ماکرۆن پێشوازی لەو مەرسوومە سەرۆکایەتییەی سووریا دەکات کە ڕۆژی ڕابردوو سەبارەت بە مافەکانی کورد دەرچوو، و ئەوە وەک هەنگاوێکی ئەرێنی لە قەڵەم دەدات کە لە ئاراستەی دروستدایە، ماکرۆن دووپاتی دەکاتەوە، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆسەی دانوستان بە مەبەستی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و گەیشتن بە ئاشتییەکی سەرتاسەری.
ئەم هەڵوێستەی فەرەنسا لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆزینەوەی نەخشەڕێگایەکی سیاسی نوێ بۆ سووریا چڕ بوونەتەوە، فەرەنسا وەک وڵاتێکی دۆستی گەلی سووریا، پێی وایە گەرەنتیی ئاسایشی نیشتمانی لە یەکخستنی توانا سەربازییەکان و دابینکردنی مافی پێکهاتەکان و دوورکەوتنەوە لە بژاردەی سەربازی کۆبووەتەوە.
ان سوريا موحدة ومستقرة لا تقوم إلا عبر دمج قوات سوريا الديموقراطية ضمنها، وليس عبر شن الحرب على اولئك الذين قاتلوا تنظيم داعش إلى جانبنا.
— Emmanuel Macron (@EmmanuelMacron) January 17, 2026
يجب ان يتوقف فوراً الهجوم الذي تشنه السلطات السورية. فرنسا وأوروبا لا يمكنها أن تدعم الاستمرار في مثل هذا النهج.
يمكن التوصل إلى اتفاق شامل.…