دەروازەی ئیبراهیم خەلیل: لە ماوەی ساڵێکدا زیاتر لە 14 هەزار تۆن کاڵا گەڕێندراونەتەوە و لەنێوبراون
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل ئاماری ساڵێکی چالاکییەکانی تاقیگە و لێژنە پشکنینەکانی بڵاوکردەوە، تێیدا ڕێگری لە هاوردەکردنی بڕێکی زۆر کاڵا و کەرەستەی نەگونجاو کراوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بەشی پەیوەندیی و راگەیاندنی دەروازەکە، لە ماوەی یەک ساڵدا و لە ڕێکەوتی 1/1/2025 تاکو 31/12/2025، بڕی 14،174 تۆن کەرەستەی جۆراوجۆر لە تاقیگە و لێژنە پەیوەندیدارەکانی دەروازەکە پەسەند نەکراون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەو کەرەستانە بەهۆی ئەوەی لەگەڵ ڕێنماییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەگونجاو بوون، زۆرینەیان گەڕێندراونەتەوە بۆ سەرچاوەکەیان و بەشێکی دیکەشیان بەگوێرەی یاسا و ڕێنماییەکان لەنێوبراون."
هەر لەو چوارچێوەیەدا، بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل، دەستخۆشی و سوپاسی ئاڕاستەی تەواوی ستاف و فەرمانبەرانی دەروازەکە کردووە، کە بە خەمخۆری و دڵسۆزییەوە ئەرکەکانیان لە پێناو پاراستنی تەندروستیی و سەلامەتی هاووڵاتییان و جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان ئەنجام دەدەن.
