هونەرمەندێکی کورد نازناوی باڵیۆزی ئاشتی لە وڵاتی میسڕ پێبەخشرا

هونەرمەندی شێوەکار و خۆشنووس، یەحیا ئەربیلی، لەلایەن لێژنەی ئامادەکاری فێستیڤاڵ و بۆنە رۆشنبیرییەکان لە وڵاتی میسڕ، خەڵاتی باڵیۆزی ئاشتی پێبەخشرا و دەڵێت: لە کارەکانمدا زیاتر گرنگی بە لایەنی ئاشتی و خۆشەویستی و پێکەوە ژیان دەدەم، بۆیە ئەوان پێیان باش بوو کە ئەو نازناوە بەمن ببەخشن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ی کانوونی دووەمی 2026، هونەرمەندی شێوەکار و خۆشنووس، یەحیا ئەربیلی، دەربارەی وەرگرتنی نازناوی باڵیۆزی ئاشتی لە میسڕ، بۆ کوردستان24 گوتی: ئەو نازناوە بەهۆی ئەوە بەمن بەخشرا لەبەر ئەوەی بۆ چەندینجار بەشداریم کرد لە پێشانگە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی ئەوانەی کە لە وڵاتی میسڕ بەڕێوەدەچوو، لە وڵاتی میسڕ زیاتر گرنگی بە لایەنی ڕۆشنبیری و هونەری دەدەن، هەروەها لێژنەی ئامادەکاری فێستیڤاڵەکان و بۆنە رۆشنبیرییەکان، دوای ئەوەی کە خوێندنەوەیان بۆ چالاکییەکانی من کرد لەڕووی بواری ڕۆشنبیری و هونەرییەوە، دوای ئەوەی کە زانیان لە کارەکانمدا زیاتر گرنگی بە لایەنی ئاشتی و خۆشەویستی و پێکەوە ژیان دەدەم، بۆیە ئەوان پێیان باش بوو کە ئەو نازناوە بە من ببەخشن.

یەحیا ئەربیلی گوتیشی: من بۆ ماوەی 10 ساڵە لە چالاکییە هونەری و رۆشنبیرییەکانی وڵاتی میسڕ بەشداریم کردووە، هەروەها چەندینجار خۆیان پەیوەندیان پێوە کردووم تا لە فێستیڤاڵ و بۆنەکانیان ئامادەبم، لەزۆربەی بۆنە و فێستیڤاڵەکانی وڵاتی میسڕ بە چەندین چالاکی لەبواری رۆشنبیری و هونەری بەشداریم کردووە، لەهەموو چالاکییەکانیشیاندا پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانم گیەیاندووە.

هونەرمەندی شێوەکار و خۆشنووس، یەحیا ئەڕبیلی، ئەو نازناوە بە شایەنی خۆی دەزانێت و دەڵێت: ئەو نازناوە بە شایەنی خۆم دەزانم، چونکە من لەکارەکانمدا باسی ئاشتی دەکەم، باسی خۆشەویستی لەنێوان مرۆڤەکاندا بەگشتی دەکەم، هەروەها وەکو ئاشتیخوازێک لەو ڕێگەیەوە بتوانین ئەو جەنگ و ناخۆشیانەی کە ئێستا لە وڵاتاندا ڕوودەدات، ئەو رق و کینەی کە لە دڵەکاندا هەیە بتوانین لێیان دووربکەوینەوە و ئاشتی لەشوێنی ئەوانەدا بچێنین تاوەکو بەروبوومێکی زۆر جوان بگەیەنینە دەوروبەرمان و ببینە کەسێکی سوودبەخش بۆ خزمەتکردن بە گەل و نەتەوە و شارەکەی خۆمان.

شێوەکار و خۆشنووس، یەحیا ئەربیلی، لەدایکبووی شاری هەولێرە، خاوەنی بڕوانامەی دبلۆمە لە ژمێریاری و بەکالۆریۆس لەیاسا، لە ساڵی 2010 کاری پارێزەری کردووە و ئێستایش یاریدەدەری دادوەرییە سەر بە وەزارەتی داد.

 لە ساڵی 1993 دەستی کردووە بەکاری خۆشنووسی و ساڵی 1994 یەکێک دەبێت لەدامەزرێنەرانی کۆمەڵەی خۆشنووسانی کوردستان. بەتابلۆیەکی زیو بەشداری دەکات لەیەکێک لە پێشانگەکان لە واشنتنی ئەمریکا، بەشداربووە لە چەندین پێشانگە و پێشبڕکێی جیهانی لە وڵاتەکانی وەکو، ئیتاڵیا و مالیزیا و هیندستان و تورکیا و ئوردن و میسڕ و قەتەڕ و جەزائیر و لوبنان و شانشینی عەرەبی سعوودی و ئیماڕاتی عەرەبی.

خەڵاتی باڵیۆزی ئاشتی