یانەی دهۆك بەهۆی یاریی كلاسیكۆی كوردستان سزا درا
دهۆك بۆ یاریی زەورا لەنێو یاریگەی خۆی لە هاندەرانی بێبەش دەبێت
لێژنەی سزایەكان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەپشتبەستن بە راپۆرتی سەرپەرشتیاران و ناوبژیوانان سزایەكی قورسی بەسەر یانەی دهۆك دا سەپاند و بە پێبژاردنی 15 ملیۆن دینار سزا درا.
ئەمڕۆ یەكشەممە، 18 كانوونی دووەمی 2025، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق راپۆرتی لێژنەی سزایەكانی لەبارەی یاریی كلاسیكۆی كوردستان لە نێوان هەولێر و دهۆك بڵاو كردەوە كە یارییەكە بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك لە بەرژەوەندی هەولێر كۆتایی هات.
رۆژی سێشەممەی رابردوو لە گەڕی سێزدەیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق لەنێو یاریگەی فرانسۆ هەریری یاریی كلاسیكۆی كوردستان لە نێوان هەولێر و دهۆك بەڕێوەچوو، دەستپێكی ئەم یارییە 15 خولەك دواكەوت.
لەمبارەیەوە لێژنەی تەمبێكردن و سزایەكان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق راپۆرتێكی بڵاو كردەوە كە تێیدا ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە كە هاندەرانی دهۆک لە كاتی چوونەژوورەوەیان بۆ نێو یاریگە کێشەیان دروست کردووە، بە شکاندنی دەرگا و هەڵدانی دەبەی ئاو بۆ یاریگە، لەگەڵ شکاندنی کورسی یاریگە و هەڵدانی یارییە ئاگرینەکان بەڕووی یاریزانانی هەولێر و بەکارهێنانی دروشمی ناوەرزشی لەنیو یاریگە، بەم هۆی هاندەرانی دهۆک 15 خولەک لە یارییەکە دواکەوت.
بەپێی ناوەڕۆكی راپۆرتەكە، یانەی دهۆک بە پێبژاردنی 15 ملیۆن دینار سزا درا، هاوكات هەڵۆیەكانی بادینان بۆ یەك یاری لە ئامادەبوونی هاندەرانی لەنێو یاریگەی خۆی بێبەش دەبێت، بەمەش یانەی دهۆك لە گەڕی پازدەیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق لەنێو یاریگەی خۆی بەبێ هاندەر میوانداریی زەورا دەكات، یارییەكەش رۆژی 25ـی ئەم مانگە دەكرێت.