مەزڵووم عەبدی لە دیمەشقە
ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گەیشتە شاری دیمەشقی پایتەخت، سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند کە ئامانجی سەردانەکە گفتوگۆکردنە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا، سەبارەت بە جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەو ڕێککەوتننامە ستراتیژییەی کە لەنێوان هەردوولادا واژۆ کراوە.
ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی یەکشەممە 18ـی کانوونی دووەم، ئەحمەد شەرع گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕاگەیاند، بەپێی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە، ئامانجی سەرەکی بریتییە لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی گشتگیر، بەهێزکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات، لەگەڵ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لەو ناوچانەی پێشتر مەیدانی ململانێ بوون.
هەرچەندە بڕیاربوو فەرماندەی گشتیی هەسەدە هەر دوێنێ بگاتە دیمەشق، بەڵام بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە گەشتەکەی بۆ ئەمڕۆ دواکەوت. مەزڵووم عەبدی پێش گەیشتنی بە دیمەشق، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا تیشکی خستە سەر بارودۆخی مەیدانی و ڕایگەیاند کە لە ڕۆژی 6ـی ئەم مانگەوە هێرشێکی پلانبۆداڕێژراو کراوەتە سەریان کە بووەتە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک و ئاوارەبوونی دانیشتووان.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان نەیانویستووە بچنە نێو ئەم جەنگەوە، بەڵام شەڕەکەیان بەسەردا سەپێندراوە و ئامانج لێی کۆمەڵکوژی و هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ بووە. ناوبراو ڕوونیکردەوە کە بۆ ڕێگریکردن لە خوێنڕشتنی زیاتر و پاراستنی مەدەنییەکان، بڕیاریان داوە هێزەکانیان لە ناوچەکانی دێرەزوور و ڕەققە بکشێننەوە بۆ حەسەکە و لەسەر ئەو بنەمایەش ڕێککەوتنی نوێیان لەگەڵ حکومەتی ڕاگوزەر ئامادە کردووە.
بڕیارە دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکانی دیمەشق و گەڕانەوەی مەزڵووم عەبدی، وردەکاریی زیاتری ڕێککەوتنەکە بۆ ڕای گشتی بڵاوبکرێتەوە. فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری دەستکەوتەکانی شۆڕش و تایبەتمەندییەکانی ناوچەکە نابن و خەباتەکەیان بۆ پاراستنی مافەکانی گەل بەردەوام دەبێت، هاوکات سوپاسی خۆڕاگریی هاووڵاتییان و هێزە چەکدارەکانیشی کرد لە بەرامبەر ئەو تەحەدییانەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە.