وادەی دەستپێکی ڕەمەزان و جەژنی ڕەمەزان دیاریی کرا
لە کاتێکدا موسڵمانان لە سەرانسەری جیهان و وڵاتانی عەرەبی بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دەکەن، ناوەندە زانستی و فەلەکییەکان بە پشت بەستن بە هەژمارە وردەکان، وادەی دەستپێکردنی مانگەکە و جەژنی ڕەمەزانیان بۆ ساڵی 2026 (1447ـی کۆچی) خستەڕوو.
دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕاپۆرتە فەلەکییەکانی پەیمانگای نەتەوەیی بۆ توێژینەوە فەلەکییەکان لە میسر، ئاماژەی بەوە کرد، یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز بۆ ئەمساڵ، دەکەوێتە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی 19ـی شوباتی 2026. ئەمەش بەو واتایە دێت کە موسڵمانان لەو ڕێکەوتەدا دەست بە بەجێهێنانی فەریزەی ڕۆژوو دەکەن.
تایبەتمەندیی ڕەمەزانی ساڵی 2026 لەوە دایە کە هاوکاتە لەگەڵ کۆتایی وەرزی زستان و سەرەتای وەرزی بەهار. ئەمەش کاریگەریی لەسەر کاتژمێرەکانی ڕۆژووگرتن دەبێت بە جۆرێک:
-تێکڕای کاتژمێرەکانی ڕۆژووگرتن مامناوەند دەبێت (لە نێوان 12 بۆ 13 کاتژمێر).
-لە یەکەم ڕۆژدا ماوەی ڕۆژووگرتن نزیکەی 12 کاتژمێر و 40 خولەک دەبێت.
-بە بەراورد بەو ساڵانەی کە ڕەمەزان دەکەوتە وەرزی هاوین، ئەمساڵ ماوەکەی کورتتر و کەشوهەواکەی لەبارتر دەبێت.
سەبارەت بە وادەی کۆتاییهاتنی مانگی ڕەمەزان و هاتنی جەژنی ڕەمەزان، ڕاپۆرتە فەلەکییەکانی پایمانگەکە دەریدەخەن، کە ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی 20ـی ئاداری 2026، یەکەم ڕۆژی مانگی شەوال و یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز دەبێت.
سەرەڕای وردی و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای فەلەکناسی لە دیاریکردنی سەرەتای مانگە کۆچییەکان و بوونی متمانەیەکی زۆر بەم هەژمارانە، بەڵام لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامیدا بڕیاری کۆتایی و یەکلاکەرەوە دەگەڕێتەوە بۆ کاتی "بینینی مانگ" (الرؤية الشرعية).
بەپێی نەریتی ئایینی، لە ئێوارەی ڕۆژی 29ـی شەعبان، لیژنە تایبەتمەندەکان چاودێریی ئاسمان دەکەن بۆ بینینی هیلالی مانگی ڕەمەزان؛ ئەگەر هیلال بینرا، ڕۆژی دواتر دەبێتە یەکەم ڕۆژی ڕەمەزان، و ئەگەر نەبینرا، مانگی شەعبان بە 30 ڕۆژ تەواو دەکرێت.
ئەم ئامادەکارییە پێشوەختانە دەرفەت بە موسڵمانان دەدات تا خۆیان بۆ پێشوازی لەم مانگە پڕ بەرەکەتە ئامادە بکەن و بەرنامەی عیبادەت و نزاکانیان ڕێکبخەن.