بۆمبێکی تەوقیتکراو لە سووریا.. شکانی زیندانەکانی داعش هەڕەشە لە ئاسایشی جیهان دەکات

لەدەستدانی کۆنترۆڵی زیندانی شەدادێ لە ڕۆژهەڵاتی سووریا، تەنها وەک ڕووداوێکی سەربازیی ناوخۆیی نابینرێت، بەڵکو زەنگێکی مەترسیدارە بۆ سەرهەڵدانەوەی شەپۆلێکی نوێی تیرۆر کە هەڕەشە لە تەواوی ئاسایشی جیهان دەکات،ئەم پێشهاتە مەترسیدارە کە هاوکاتە لەگەڵ سەردانی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بۆ دیمەشق، دۆسێی زیندانییانی داعشی بردووەتە قۆناغێکی هەستیار و وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەبیندرێت.

شکانی زیندانی شەدادێ.. کارەساتێکی ئەمنی لەبەردەم چاوی هاوپەیمانان
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە فەرمی ڕایگەیاند: دوای هێرشێکی چڕ و پلان بۆ داڕێژراوی گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق لە بەیانیی ئەمڕۆ 19ـی کانوونی دووەمی 2026، زیندانی شەدادێ لەژێر کۆنترۆڵیان دەرچووە، ئەم زیندانە کە هەزاران چەکداری داعشی تێدایە، تەنیا دوو کیلۆمەتر لە بنکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە دوورە، بەڵام بێدەنگی و دەستوەرنەدانی هێزە نێودەوڵەتییەکان بووەتە هۆی ئەوەی هەسەدە بە تەنها ڕووبەڕووی ئەو هێرشە ببێتەوە و دەیان شەهید و بریندار بدات، کە دواجار نەتوانرا ڕێگری لە شکانی زیندانەکە بکرێت.

هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)

 

هەڕەشە لەسەر ئاسایشی جیهان.. 12 هەزار چەکدار لە 70 وڵاتەوە
مەترسیی سەرەکی لە شکانی ئەم زیندانانەدا تەنیا پەیوەست نییە بە سووریاوە؛ لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر 9 زیندانی ستراتیژی هەن کە نزیکەی 12 هەزار چەکداری داعشیان تێدا ڕاگیراوە، ئەوەی ئەم دۆسیەیەدەکاتە هەڕەشەیەکی جیهانی، بوونی زیندانییانە لە 70 ڕەگەزی جیاواز، شارەزایانی ئەمنی هۆشداری دەدەن لەوەی، ڕاکردنی ئەم چەکدارە خاوەن ئەزموونانە، بە واتای ناردنی سەدان گروپی تیرۆریستی دێت بۆ ناو جەرگەی وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەکە، کە دەتوانن لە ماوەیەکی کورتدا تۆڕە نێودەوڵەتییەکانی تیرۆر کارا بکەنەوە.

ناوچە داگیرکراوەکان لەلایەن داعشەوە

 

غوێران و پیشەسازی..ناوەندە هەرە مەترسیدارەکان
زیندانی غوێران لە حەسەکە وەک گەورەترین زیندانی چەکدارانی داعش لە جیهاندا دەناسرێت کە 5 هەزار لە مەترسیدارترین سەرکردە و ئەندامانی ڕێکخراوەکەی تێدایە، هەروەها زیندانی پیشەسازی و کامپا بولغار و چەند زیندانێکی دیکە لە دێریک و کسرە و ڕەققە، هەزاران چەکداری توندڕەویان تێدا کۆکراوەتەوە، جگە لەم هێزە چەکدارە، کەمپەکانی هۆڵ و ڕۆژ 43 هەزار و 250 کەسیان تێدایە کە زیاتر لە 25 هەزاریان منداڵن و وەک نەوەی نوێی تیرۆر لەناو ژینگەیەکی توندڕەودا گەورە دەبن، ئەمەش وای کردووە کۆنترۆڵنەکردنی ئەم زیندانانە وەک هەڕەشەیەکی ستراتیژی بۆ دەیان ساڵی داهاتوو لەسەر ئاسایشی مرۆڤایەتی بمێنێتەوە.

چەکدارانی گرووپی تیرۆریستی داعش

 

دانوستانەکانی دیمەشق و فشارە نێودەوڵەتییەکان
لە نێوەندی ئەم ئاڵۆزییە ئەمنییەدا، مەزڵووم عەبدی لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکوومەتی ڕاگوزەر کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە ڕووخانی تەواوەتیی سیستەمی ئەمنیی ناوچەکە بکەن، ئامانجی سەردانەکە گەیشتنە بە ڕێککەوتنێک کە تێیدا دۆسێی زیندانییانی داعش و کەمپەکان ڕادەستی دەوڵەت بکرێت، چونکە هەسەدە ڕایگەیاندووە چیتر توانای نییە بە تەنیا بەرگەی هێرشەکان و پاراستنی ئەم هەموو تیرۆریستە بگرێت.

هێزی هاوپەیمانان لە سووریا

 

لەسەر ئاستی جیهانیش، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا داوای پاراستنی هەسەدە و تێکەڵکردنیان لەناو دەوڵەتدا دەکات وەک گەرەنتییەک بۆ ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش، هاوکات لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی هۆشداری دەدات کە هەر هێرشێک بۆ سەر کوردەکان دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی گەورە و کاراکردنەوەی سزای وێرانکەری (قەیسەر) بەسەر دیمەشقدا، ئەم هەڵوێستە نێودەوڵەتییانە نیشانەی ئەوەن کە جیهان بە نیگەرانییەکی زۆرەوە دەڕوانێتە ئەگەری شکانی زیندانەکان، چونکە هەر کەلێنێکی ئەمنی لە باکووری سووریا، ڕاستەوخۆ دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر پایتەختەکانی ئەوروپا و ئەمریکا.

ئیمانوێل ماکرۆن-سەرۆکی فەرەنسا

 


لە ساڵی 2019ـەوە و دوای تێکشکانی داعش لە باغۆز، پاراستنی هەزاران چەکداری بیانی بووەتە بارێکی گران بەسەر شانی هەسەدەوە، لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتان ئامادە نین هاووڵاتییە چەکدارەکانیان وەربگرنەوە، ئێستا کە زیندانی شەدادێ لەدەست دراوە و مەترسی لەسەر زیندانەکانی دیکە هەیە، سووریا لەبەردەم دوو بژاردەدایە، یان گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسیی خێرا بۆ پاراستنی ئەم زیندانانە، یان ڕوودانی گەورەترین شکانی ئەمنی لە مێژووی هاوچەرخدا کە دەرگای جەنگێکی جیهانیی نوێ دژی تیرۆر دەکاتەوە.

لیندزی گراهام