سبەی لە ناوەندەکانی خوێندنی هەولێر پشووی فەرمییە

پارێزگای هەولێر بڕیاری دا سبەی سێشەممە 20 کانوونی دووەمی 2026، لە تەواوی ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی لە سنووری پارێزگاکە بکرێتە پشووی فەرمی. 

ئەم بڕیارە وەک ڕێکارێکی پێشوەختە بۆ پاراستنی سەلامەتیی قوتابییان و مامۆستایان دراوە، ئەوەش لە بەرانبەر ئەو شەپۆلە بەفر و سەرما و سۆڵەیەی کە ڕووی لە ناوچەکە کردووە.

ڕاگەیاندنی پشووەکە دوای کۆبوونەوەیەکی تایبەتی پارێزگاری هەولێر لەگەڵ قایمقامەکان و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر هات لە شەوی دووشەممەدا. لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی کەشوهەوا و پێشبینییەکانی کەشناسی کرا، کە ئاماژە بە نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و بەردەوامیی بارینی بەفر و باران دەکەن، هەر بۆیە بڕیاردرا تەنیا لەو ناوەندانەی خوێندن کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێرن، پشووی فەرمی ڕابگەیەنرێت.

ئەم شەپۆلە سەرمایەی کە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بووەتە هۆی بارینی بەفرێکی زۆر لە ناوچە شاخاوییەکان و نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیزی لە هەندێک ناوچەدا، لایەنە پەیوەندیدارەکان داوا لە هاووڵاتییان دەکەن لە کاتی هاتوچۆدا وریابن و پابەندی ڕێنماییەکان بن بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو کە بەهۆی سەرما و ئاستەنگییەکانی هاتوچۆوە دروست دەبێت.