خۆنیشاندانی سەرتاسەریی کوردستانیان بۆ پشتگیری لە ڕۆژئاوا و داوای دەستوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتی دەکرێت
ئهمڕۆ سێشەممە 20 کانوونی دووەمی 2026، شەپۆلێکی فراوانی خۆپێشاندان و ناڕەزایی شارەکانی باشوور، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و وڵاتانی دیاسپۆرای گرتەوە، کوردستانیان بە یەکدەنگ ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی حکومەتی دیمەشقیان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان کرد، هاوکات داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد چیتر لە ئاست ئەو هێرشانە بێدەنگ نەبن و سنوورێک بۆ هەوڵەکانی پاکتاوی ڕەگەزیی گەلی کورد دابنێن.
لە شاری هەولێر، خۆپێشاندانێکی یەکجار فراوان لەبەردەم کونسوڵخانەی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەچوو. خۆپێشاندەران بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و گوتنەوەی دروشمەکانی دژ بە چەوسانەوە، ناڕەزایی توندیان بەرامبەر بێدەنگیی واشنتن نیشان دا، ئەوان جەختیان لەوە کردەوە، پێویستە ئەمریکا وەک هێزێکی کاریگەر ڕێگری لەو کۆمەڵکوژییە بکات کە حکوومەتی سووریا دژی هاووڵاتییانی مەدەنی لە ڕۆژئاوا دەستی پێکردووە.
هاوکات لە شاری زاخۆ، جەماوەرێکی زۆر ڕژانە سەر شەقامەکان و بە دروشمەکانی سەرکەوتن و یەکبوونی گەلی کورد، پشتیوانیی خۆیان بۆ براکانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان دووپات کردەوە، خۆپێشاندەران بە گوتنی دروشمی ڕۆژ ڕۆژی ئێمەیە، پەیامی خۆڕاگرییان بۆ شەڕڤانان و خەڵکی ناوچە لێدراوەکان نارد و ڕایانگەیاند، گەلی کورد لە هەموو پارچەکان یەکدەنگ و یەکهەڵوێستە لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک کە بکرێتە سەر خاکەکەی.
ئەم شەپۆلە ناڕەزایەتییە شارەکانی دهۆک، ڕانیە، خانەقین و کەلاریشی گرتەوە، کە تێیاندا جەخت لەسەر پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد و ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی تیرۆر و ستەمکاری کرا، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، ڕەوەندی کوردی لە دیاسپۆرا، بەتایبەت لە شاری بۆخوم لە ئەڵمانیا، گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا و داوایان لە حکومەتەکانی ئەوروپا کرد فشار بخەنە سەر دیمەشق بۆ ڕاگرتنی هێرشە سەربازییەکانی.
ئەم خۆنیشاندانە جەماوەرییە لە کاتێکدایە کە ناوچە کوردییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕووبەڕووی هێرشی چڕی تانک و تۆپخانەکانی سوپای سووریا و گروپە چەکدارەکان بوونەتەوە، کە مەترسیی کارەساتی مرۆیی و ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی لێ دەکرێت، کوردستانیان لە ڕێگەی ئەم خۆپێشاندانانەوە پەیامێکی ڕوونیان ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە پاراستنی گەلی کورد لە بەرامبەر جینۆساید، بەرپرسیارێتییەکی گەورەی ئەخلاقی و یاساییە و نابێت پشتگوێ بخرێت.