یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی بەکارهێنانی ئایین بۆ لێدانی کوردانی ڕۆژئاوا دەکات
مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری دەدات لەو هەڵمەتە شۆڤێنییەی کە لەژێر ناوی ئاییندا دژی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا دەستی پێکردووە.
یەکێتی زانایان بڕیارەکەی وەزارەتی ئەوقافی سوریا بۆ دوعاکردن و تەکبیر لێدان بۆ سەرکەوتنی سوپای وڵاتەکەی بەسەر ناوچە کوردییەکاندا، بە پەڵەیەکی ڕەش و کارێکی پێچەوانەی هەموو بنەماکانی ئیسلام ناو دەبات.
ئەم هەڵوێستەی یەکێتی زانایان دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی ئەوقافی سوریا گشتاندنێکی بۆ سەرجەم پێشنوێژ و وتارخوێنانی وڵاتەکەی دەرکردووە و تێیدا داوای کردووە دوعای قنوت بۆ سەرکەوتنی سوپای سوریا بکەن و لە مزگەوتەکانەوە تەکبیر لێ بدەن وەک دەربڕینی خۆشی بۆ ئەوەی ناویان ناوە فەتحی کوردستانی ڕۆژئاوا.
زانایانی ئایینی کوردستان ڕایدەگەیەنن، ئەم هەنگاوە ئاماژەیەکی نامۆ و نادروستە بۆ وڵاتێک کە بانگەشەی موسڵمانێتی بکات، چونکە ئایینی ئیسلام بەرییە لە هەر کردەوەیەکی لەو شێوەیە کە تێیدا ئایەت و چەمکە ئایینییەکان بۆ لەناوبردنی گەلێکی موسڵمان بەکار بهێنرێن.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، ئیسلام تەنانەت لە کاتی جەنگیشدا ڕێگەی نەداوە ژن و منداڵ و هاووڵاتیانی سڤیل قەتڵوعام بکرێن، بۆیە ئەو ڕەفتارانەی بەرامبەر کوردانی ڕۆژئاوا ئەنجام دەدرێن، بە هەموو پێوەرێک دژ بە بەها مرۆیی و ئایینییەکانن، یەکێتی زانایان داوا لە سەرجەم ناوەندە ئایینییەکانی سوریا و جیهانی ئیسلامی دەکات کە ویژدانیان بجوڵێت و لە ئاست ئەم تاوانانە بێدەنگ نەبن، ڕێگەش نەدەن ستەم و هێرشکاری لەژێر پەردەی ئاییندا بشەرعێنرێت.
وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و ئایینی، یەکێتی زانایان داوا لە وتاربێژانی سەرتاسەری کوردستان دەکات کە لە وتاری هەینی داهاتوودا، ئەم کردەوە دژە مرۆییانە بۆ خەڵک ڕوون بکەنەوە و جەخت لەسەر پەیامی ئاشتی و یەکهەڵوێستی گەلی کورد بکەنەوە، هاوکات ئاماژەیان بەوەش کردووە کە گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان گەلێکی موسڵمانە و هیچ دەنگێکی شاز ناتوانێت ئەم شوناسە کاڵ بکاتەوە، ئەو لایەنانەشی دەیانەوێت تاوانەکانیان بە ئایین داپۆشن، تەنها شەرمەزاری بۆ خۆیان دەهێڵنەوە.
ئەم بەیاننامەیە لە ڕێکەوتی 20ی 1ی 2026 لەلایەن مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانەوە دەرچووە، لە کاتێکدایە کە بارودۆخی کوردانی ڕۆژئاوا بەهۆی هێرش و فشارە بەردەوامەکانەوە لە بارودۆخێکی هەستیاردایە.