سبەی لەناوەندەکانی خوێندنی سنووری ئیدارەی سۆران پشووی فەرمییە

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتیان، بڕیار دراوە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە لە چۆمان، سیدەکان و مێرگەسۆر بکرێتە پشوو، هاوکات تەنیا سبەی لە سۆران و خەلیفان و ڕواندز لە ناوەندەکانی خوێندن بووەتە پشوو. 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، ئەم بڕیارە دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ هەریەکە لە وەزیرانی ناوخۆ و پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دراوە.

 پشووی چوارشەممە و پێنجشەممە، تەواوی سنووری قەزاکانی (چۆمان، سیدەکان و مێرگەسۆر) دەگرێتەوە،  لە ناوەندی سۆران و خەلیفان و ڕواندزیش تەنیا سبەی چوارشەممە پشووی فەرمی دەبێت لە ناوەندەکانی خوێندن، ئەوەش بەهۆی سەرما و بەفرەوە هاتوچۆ تێیاندا ئەستەم دەبێت.

سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن، هەڵگورد شێخ نەجیب ڕێنمایی داوەتە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی ئەو ناوچانە کە دوای ئاساییبوونەوەی کەشوهەوا، بەرنامەیەکی تایبەت بۆ قوتابییانی پۆلی 9 و 12 دابنێن، تا لە ڕۆژانی شەممەدا وانەکانیان بۆ قەرەبوو بکرێتەوە و زیان بە بەرنامەی خوێندنیان نەگات.