ئاگادارییەک لە سایلۆی هەولێرەوە بۆ جووتیاران؛ چەکی پارەی گەنم دابەش دەکرێت

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2026، لە ڕاگەیاندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی سایلۆی هەولێر ڕایگەیاند؛ ئەو جووتیارانە گەنمیان ڕادەستی سایلۆ کردووە و تاوەکو ئێستا چەکی شایستە داراییەکانی ساڵی 2015یان وەرنەگرتووە، یان کێشە لە خەرجکردنی چەکەکانیان هەبووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، سایلۆی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو جووتیارانەی تاوەکو ئێستا چەکی ساڵی 2015یان وەرنەگرتووە، یان ئەو جووتیارانەی چەکەکەیان وەرگرتووە بەڵام لە بانک بۆیان خەرج نەکراوە، پێویستە لە ماوەی دیاریکراودا سەردانی سایلۆ بکەن بە مەبەستی ڕاییکردنی مامەڵەکانیان.

بەگوێرەی ئاگادارییەکە، پڕۆسەی وەرگرتنی بەڵگەنامەکان لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتی25ـی کانوونی دووەمی 2026 دەستپێدەکات و تاوەکو 10ـی شوبات، بەردەوام دەبێت.

ڕاشیگەیاند؛ جووتیاران دەبێت لە کاتژمێر 9ـی بەیانی تاوەکو 1ـی پاشنیوەڕۆ سەردانی سایلۆ بکەن و ئەو بەڵگەنامانە پێشکەش بکەن کە دەیسەلمێنن چەکەکەیان وەرنەگرتووە، یان ئەو چەکەی پێیانە و خەرج نەکراوە لەگەڵ خۆیاندا بیهێنن.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ دڵنیابوونەوە لە گەیشتنی شایستە داراییەکان بەو جووتیارانەی کە بە هەر هۆکارێک بێت لە ساڵانی ڕابردوو پارەکەیان پێنەگەیشتووە.

لای خۆیەوە میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: بەهۆی هەندێک کێشەی تەکنیکی و شێوازی دابەشکردنی پارە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بە چەند قۆناغێک، بەشێک لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان نەیانتوانیبوو پارەی گەنمەکانیان وەربگرن.

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد: "لە دوای دەستبەکاربوونم، هەوڵمان دا تەواوی داتا و زانیارییەکان لە ئیدارەکانی پێشووی سایلۆ کۆبکەینەوە و حکوومەتی عێراقی لێ ئاگادار بکەینەوە. دوای بەدواداچوون و پشتڕاستکردنەوە لەلایەن بەغداوە، داوایان لێ کردین چەکی ئەو جووتیارانەیان بۆ بنێرین."

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە؛ ئامانجیان کۆکردنەوەی چەکەکان و ناردنیانە بۆ ئەو بانکەی حکوومەتی عێراق دیاری کردووە، تاوەکو هیچ شایستەیەکی دارایی جووتیاران نەفەوتێت و هەمووان پارەی گەنمەکانیان وەربگرن.