کرێملن: چاوەڕوانی ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و ئەوروپا و کیێڤ دەکەین
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەیان چاوەڕوانی دەرئەنجامی دانوستانەکانی یەکلاکردنەوەی ئۆکرانیایە لە نێوان ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا و کیێڤ دەکەن.
چوارشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2026، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا ( کرێملن ) گوتی: بۆ رووسیا گرنگە لە بارەی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئەوروپا و کیێڤەوە زانیاریی هەبێت و وردەکاریی دانوستانەکانیشمان پێ بڵێن.
پیسکۆڤ ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچی تەوتۆ نییە تاوەکوو بە ئاشکرا لەبارەی گفتوگۆی نێوان نوێنەرانی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا باسی بکات، کە لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس کۆبوونەتەوە.
لای خۆیەوە ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکا بە کەناڵی سی ئێن بی سی ڕاگەیاندووە، "دەبێت سبەی پێنجشەممە لەگەڵ پوتن کۆببینەوە بۆ گفتوگۆ لە بارەی دەرئەنجامی کۆبونەوەکانی نێوان ئەمریکا و ئەوروپا لەگەڵ کیێڤ، هاوکات گرنگە بزانین رووسیا چی دەوێت و بە چی ئەنجامەکان ڕازی دەبێت".
ڕۆژی سێشەممەی رابردوو، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا ئاشکرایان کرد، کۆبوونەوەکەیان لە داڤۆس بۆ تاوتوێکردنی رێککەوتنێکی ئاشتیی ئەگەری لە داهاتوودا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا زۆر ئەرێنی و بنیاتنەر بووە.
لەمبارەیەوە کیریل دیمیتریڤ، نوێنەری ڕووسیا دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکا و جارید کوشنەر، زاوای ترەمپ لە داڤۆس، ڕایگەیاندووە، "دیالۆگەکە بنیاتنەر بووە و ئێستا لایەنەکانی بەرانبەر باشتر لە جاران لە هەڵوێستی ڕووسیا تێدەگەن".
لە بارەی راگرتنی شەڕ و راگەیاندنی ئاشتی لە ئۆکرانیا، ئەمریکا چەند جارێک گفتوگۆی لەگەڵ رووسیا، هەروەها لەگەڵ ئۆکرانیا و سەرکردەکانی ئەوروپا ئەنجامداوە، سەبارەت بە کۆتایی هێنان بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، بەڵام هێشتا هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار بەڵێنی داوە کۆتایی بەو جەنگە بهێنێت.
هاوکات هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی کیێڤ ترسیان لەوە هەیە کە ئەمریکا داوای رادەستکردنی خاکی ئۆکرانیا بکات بۆ ئەوەی رووسیا رازی بکات جەنگ رابگرێت.
تاوەکو ئێستا نزیکەی 19%ی خاکی ئۆکرانیا لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی رووسیادا ماوەتەوە ، لەوانە نیمچە دوورگەی کریمە و زۆربەی ناوچەی دۆنباس و بەشێکی گەورەی ناوچەکانی خێرسۆن و زاپۆریژیا و بەشێک لە چوار ناوچەی دیکە.
ڕووسیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە کریمیا، دۆنباس، خێرسۆن و زاپۆریژیا ئێستا بەشێکن لە خاکەکەی، لە بەرانبەردا ئۆکرانیا پێداگری دەکات لەوەی کە هەرگیز ئەمە قبوڵ ناکات و زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەم ناوچانە بە بەشێک لە ئۆکرانیا دەزانن.