نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 2 ملیار کەس ئاوی پاکی خواردنەوەیان دەست ناکەوێت

 ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2026، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دایە جیهان، کە پێ دەنێنە قۆناغی ئفلاسی ئاو، ئاماژەی بەوەشدا، سیستەمەکانی ئاو چیتر توانای ئەوەیان نەماوە بۆ ئاستەکانی پێشوویان بگەڕێنەوە.

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕوونی کردووەتەوە کە دەستەواژەی "قەیرانی ئاو" چیتر بەس نین بۆ وەسفکردنی دۆخی ئێستا، چونکە زۆرێک لە ڕووبار، دەریاچە، ئاوی ژێرزەویی، زۆنگاوەکان و ڕووبارە بەستەڵەکەکان خاڵی وەرچەرخانیان تێپەڕاندووە و توانای گەڕانەوەیان بۆ دۆخی جاران نییە، ئەمەش وادەکات قەیرانی ئاو لە زۆر ناوچەدا ببێتە کێشەیەکی بەردەوام و درێژخایەن.

ئیفلاسی ئاو چییە؟
کاوە مەدەنی، بەڕێوەبەری پەیمانگای ئاو و ژینگە و تەندروستی لە زانکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە نیویۆرک رایگەیاند، "ئێستا لە سەرتاسەری جیهاندا بە دەست سیستەمی ئیفلاسی ئاو یان نیمچە ئیفلاسەوە گرفتارین، ئەمەش بووەتە هۆی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە نەخشەی جیهانی، بە بازاڕەکانی خۆراک، کۆچبەران و سیاسەتیشەوە."

ئامارە ترسناکەکان
ڕاپۆرتەکە چەندین ئاماری مەترسیداری خستووەتە ڕوو وەک،

نزیکەی سێ لەسەر چواری دانیشتووانی جیهان لەو وڵاتانە دەژین کە ئاسایشی ئاویان نییە.
زیاتر لە 2 ملیار کەس ئاوی پاکی خواردنەوەیان دەست ناکەوێت.
3.5 ملیار کەس بێبەشن لە خزمەتگوزاریی ئاوەڕۆی تەندروست.
ساڵانە نزیکەی 4 ملیار کەس بۆ ماوەی مانگێک تووشی کەمئاویی دەبن.
لە سەرەتای نەوەدەکانەوە، ئاستی نیوەی دەریاچە گەورەکانی جیهان دابەزیوە.
70%ـی ئاوە ژێرزەوییە سەرەکییەکان ڕوویان لە کەمبوونەوەیە.
وشکەساڵیی بەهۆی چالاکیی مرۆڤەوە، ساڵانە 307 ملیار دۆلار زیان لە جیهان دەدات.

ڕێگەچارییەکان
سەرەڕای مەترسی دۆخەکە، کاوە مەدەنی جەختی کردەوە، "ئیفلاسی ئاو کۆتایی دنیا نییە"، بەڵکو سەرەتایەکە بۆ جێبەجێکردنی پلانێکی چاکبوونەوەی ڕێکخراو.

داواشی کرد، لە بری چارەسەری کاتی و فریاگوزاری، ستراتیژیی درێژخایەن بگیرێتەبەر کە رێگری لە زیانی زیاتر بکات، بەکارهێنان کەم بکاتەوە، ڕێگری لە پیسبوون و دزینی ئاو بکات و وەبەرهێنان لە کەرتی ئاودا بکرێت.

کاوە مەدەنی لە کۆتاییدا گوتی: "پەیامی ئێمە بێهیوایی نییە، بەڵکو ڕوونییە، تا زووتر ڕووبەڕووی ڕاستییەکان ببینەوە، بژاردەکانمان زیاتر دەبن، بەڵام تا دوا بکەوین، گرژییەکان دەبنە زیانێک کە قەرەبوو ناکرێنەوە."