کەمال عەلی: گۆرانییەکانم دەبردرێن و ئاماژە بەناوی من نادەن
هونەرمەندی گۆرانیبێژ، کەمال عەلی، لەو چاوێکەوتنە تایبەتەیدا تیشک دەخاتە سەر گۆرانییەکانی ئەو سەردەمە و باس لەنوێترین پڕۆژەی هونەری خۆی دەکات و دەڵێت: من بۆ ئەمساڵ پڕۆژەیەکی نوێی هونەریم هەیە، ئەویش زيندووكردنەوەی بەرهەمێکی شیرینی خۆمە بەناوی "کامە غەریب دێ".
هونەرمەندی گۆرانیبێژ، کەمال عەلی، دەربارەی ئەوەی کە بۆچی ماوەیەکە بێدەنگە و هیچ بەرهەمێکی نەبووە، بۆ کوردستان24 گوتی: بەهۆی جەنجاڵی و زۆر و بۆری ئەمڕۆی دونیای ھونەری کوردیدا، حەزم کردووە خۆم بەدوور بگرم لەکاری هونەری، بەتایبەتی لەو چەند ساڵەی رابردوودا، چونکە خودی خۆم حەزم لە بەرھەمی زۆر و بۆر نییە و ساڵی بەرھەمێکی پوخت لە چەند بەرھەمێکی کرچ و کاڵم پێ باشترە، بەرهەمی باش بە هونەرمەند و دەنگبێژی باش دەکرێت، بە کەسانێک ناکرێت تەنیا حەز بە دەرکەوتن بکەن و گوێ بە کوالێتی بەرهەمەکە نەدەن، منیش دەمەوێ هەر بەرهەمێک تۆمار بکەم، لەلای خەڵک بمێنێتەوە و بەدڵیان بێت.
کەمال عەلی، باس لەوە دەکات کە لەلایەن بەشێک لە هونەرمەندان گۆرانییەکانی دەگوترێتەوە و ئاماژە بەناوی ئەو نادەن و دەڵێت: بەداخەوە، بەرهەمی من دەگوترێتەوە و هیچ ئاماژەیەک بە ناوی من نادەن، ئەو کارە من زۆر نیگەران دەکات، چونکە کە بەرهەمێک موڵکی منە، بۆ ئاماژە بە بەناوی من نادەی، ئەو هەست نەکردنە بە بەرپرسیارێتی کارێکی باش نییە، بۆیە من تا ئێستا ھچ کاردانەوەیەکی ئەوتۆم بۆ ئەو کارە نەبووە، ئەویش لەبەر ریزگرتن لە خۆم و بەرامبەرەکانم هیچم نەگوتووە، بەڵام لەگەڵ دووبارەبوونەوەی ئەو کردارانە بە دڵنیاییەوە ھەڵوێستی جددیم دەبێت.
کەمال عەلی زیاتر ئاماژەی دا: گوێگر ئازاده له هەڵبژاردنی ئەو ستايل و گۆرانيیانەی كه حەز و ئارەزووی خۆیەتی و بەدڵ و رۆح گوێبیستی دەبێت و چێژی لێوەردەگرێت، بەڵام من پەسەندی گۆرانی خاو و خەمناک و هەڵقوڵاوی ناخی خودی هونەرمەندەکە دەکەم، بەدڵنیاییەوە ئەو بەرهەمانەش لای خەڵک دەمێنێتەوە، بەرهەمی باش هەمیشە لەسەر زاری خەڵکە، بەرهەمی خراپیش هەر دوو رۆژە و لای خەڵک کاڵ دەبێتەوە و گوێگر ناتوانێ هەزمی بکات، بۆیە هونەرمەندی باش دەبێ بەرهەمی باش پێشکەش بە گوێگرەکانی خۆی بکات.
دەربارەی تێکەڵبوونی لەگەڵ زیرەکی دەستکرد، کەمال عەلی دەڵێت: پێم وایە زيرەكی دەستكرد، زيانێکی زۆر بە هونەر و خودی هونەرمەندەکە دەگەیەنێت و هیچ ئاسانکارییەک بەدی ناکرێت، چونکە دەنگە رەسەنەکە تێک دەدات و هەمووی تێکەڵ دەبێت، کە بە زیرەکی دەستکرد بەرهەمێک تۆمار دەکرێ، ئەوە دەنگی تۆ نییە، بەڵکو ئەوە دەنگی دەستکردە، هونەرمەندی راستەقینە نابێ خۆی لە ژیری دەستکرد نزیک بکاتەوە، داوا لە هەموو هونەرمەندانیش دەکەم خۆیان لە ژیری دەستکرد بپارێزن و دەنگە رەسەن و راستەقینەکەی خۆیان با هەر بمێنێتەوە.
لەکۆتایی قسەکانیدا، کەمال عەلی باس لە پڕۆژەی نوێی هونەری خۆی دەکات و گوتی: من بۆ ئەمساڵ پرۆژەیەکی نوێی هونەریم هەیە، ئەویش زيندووكردنەوەی بەرهەمێکی شیرینی خۆمە بەناوی "کامە غەریب دێ" بەمزووانە تۆماری دەکەم و بڵاویدەکەمەوە و هیوادارم بە دڵی هەموو هەوادارە خۆشەویستەکانم بێت.
هونەرمەندی گۆرانیبێژ، کەمال عەلی، لە سلێمانی لەدایک بووە و ئێستا لە دەرەوەی وڵات دەژیت، خاوەنی چەندین بەرهەمی هونەرییە و گۆرانییەکانی لەناو خەڵکیدا باوە و هەواداری تایبەتی خۆی هەیە.