بانکی ناوەندیی عێراق: فرۆشی دۆلار لە 10 مانگدا 67 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە

بانکی ناوەندیی عێراق نوێترین ئاماری فرۆشی دراوی بیانی بۆ 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2025 بڵاوکردەوە، تێیدا دەرکەوتووە قەبارەی فرۆش بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی فەرمی بانکی ناوەندیی، کۆی گشتیی فرۆشی دراوی بیانی لە ماوەی 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 67 ملیار و 272 ملیۆن دۆلار.

لە ڕاپۆرتەکەدا وردەکاری جۆری فرۆشتنەکان خراوەتەڕوو و ئاماژە بەوە کراوە پشکی شێری فرۆشەکان بەر گواستنەوەی دەرەکی (حەواڵە) کەوتووە، بە جۆرێک؛ بڕی 64.969 ملیار دۆلار بۆ گواستنەوەی دەرەکی تەرخانکراوە. بڕی 2.303  ملیار دۆلار بەشێوەی کاش بە بازاڕەکان فرۆشراوە.

سەبارەت بە بەراوردکاری لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، بانکی ناوەندیی ڕایگەیاندووە؛ فرۆشی دۆلار لەمساڵدا بە ڕێژەی سەدا 7.5 زیادی کردووە، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی 2024دا کۆی فرۆش 62.581 ملیار دۆلار بووە.

ئەم زیادبوونە لە فرۆشی دۆلاردا لە کاتێکدایە کە بانکی ناوەندیی بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ جێگیرکردنی بەهای دینار و دابینکردنی پێویستییەکانی بازرگانی دەرەکی.