مەزڵووم عەبدی: لەگەڵ تۆم بەڕاک کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمدارمان کرد

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە پەیامێکی ئێکسدا، ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەرهەمداری لەگەڵ شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەولێر ڕاگەیاند. 

مەزڵووم عەبدی دەڵێت: ئەم دیدارە بە ئامانجی تاوتوێکردنی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ دەستپێکردنی دانوستانە سیاسییەکان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا بەڕێوەچوو.

لە میانی ئەم کۆبوونەوەیەدا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ تۆم باراک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و ئەدمیراڵ براد کوپەر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) گفتوگۆیان کرد.

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماژەی بەوە کردووە، پشتگیرییەکانی واشنتن و سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ پرۆسەی ئاگربەست و ڕاگرتنی شەڕ بایەخێکی جیدییان هەیە و جێگەی دەستخۆشین.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، مەزڵووم عەبدی پێشوازی لە هەوڵەکانی تۆم بەڕاک کردووە کە کار دەکات بۆ گەڕانەوەی لایەنەکان بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و دەستپێکردنەوەی دانوستان لە نێوان ئەوان و حکوومەتی سووریادا. 

ئەم هەوڵە وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر وەسف کراوە.

مەزڵووم عەبدی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات بە هەموو توانایەکیانەوە کار دەکەن بۆ تێکەڵبوونەوە بە سوپای سووریا، هاوکات پابەندیی تەواوی خۆیان بە پاراستنی ئەو ئاگربەستەی  ئێستا لە ئارادایە دووپات کردووەتەوە.